رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق لە مانگى داهاتووەوە مامەڵە داراییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکان دەکاتە ئەلیکترۆنى و مامەڵەکردن بە کاش قەدەخە دەکرێت.
دووشەممە 9ى حوزەیرانى 2025 نەبیل نەجار، سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 1ى تەممووزەوە لە دامەزراوەکانى عێراق مامەڵە بە پارەى کاش ناکرێت و پێویستە پارەدان بە کارتى ئەلیکترۆنى بێت."
لە 18ى کانوونى دووەمى 2023 حکومەتى عێراق بڕیاری دا مامەڵە داراییەکان لە پارەى کاشەوە بکرێنە پارەدانى ئەلیکترۆنى.
نەبیل نەجار رایگەیاند، "زیاتر لە 22 ملیۆن کارتى ئەلیکترۆنیى پارەدان لە عێراق هەن، ئەگەر هەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەى 1ى تەممووز ژمارەکە زیاتر بێت."
1ی حوزەیرانى 2023 بانکى ناوەندیى عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و گوتی، "ئامانج لەو بڕیارەی بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانی."
سەرۆکی دامەزراوەی پارەدانی ئەلیکترۆنیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "یەکەمجار لە 1ى حوزەیرانى 2023 وێستگەکانى وزە ناچارکران بە کارتى ئەلیکترۆنى پارە وەربگرن."
بۆ مامەڵە فەرمییەکان، پێویستە هاووڵاتی کارتى بانکیى هەبێت و لە رێگەیەوە پارەى رسومات و تێچووى مامەڵەکەى لە فەرمانگەکە بدات.
میدیاى فەرمیى عێراق لەسەر زارى ساڵح سەلمان، راوێژکارى سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، ئەو پارەدانە ئەلیکترۆنییە لە مانگى تەممووزەوە وادەکات پارەدان بە کاش لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە قەدەخە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ