دۆخى دارایی عێراق لە چارەکى دووەمى ساڵ؛ هەڵاوسان دابەزی و یەدەگى زێڕ بەرزبووەتەوە

09-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چارەکى دووەمى ئەم ساڵ بەرامبەر بە هەمان ماوەى پار، گەشەى یەدەگى زێڕ 55% زیادی کردووە، بەهاکەى گەیشتووەتە 22.8 تریلیۆن دینار لەکاتێکدا هەوڵاسان بەراورد بە هەمان ماوەی پار 76% کەم بووە، بڕى ئەو دراوەى چووەتە دەرەوە بۆ 98 تریلیۆن دینار کەمیکردووە. ئەو پێنوێنیانە بە گوێرەى ئامارێکە کە تۆڕى میدیایی رووداو لە بانکى ناوەندى عێراقەوە دەستیکەوتووە.
 
رێژەکان چارەکى دووەمى 2025 دەگرێتەوە کە مانگەکانى نیسان، ئایار و حوزەیران دەگرێتەوە و بە هەمان ماوەى ساڵى 2024 بەراورد کراون. لە چارەکى دووەمى ئەم ساڵدا بەهاى یەدەگى زێڕ گەیشتووەتە 22.8 تریلیۆن دینار، بەراورد بە هەمان ماوەى پار، رێژەى گەشەى ئەو یەدەگە 55% بووە.
 
چارەکى سێیەمى ساڵى 2024، بەهاى یەدەگى زێڕ 14.7 تریلیۆن دینار بووە. بڕى ئەو دراوەى کە چووەتە دەرەوەى عێراق لەو چارەکى دووەمى ئەم ساڵ گەیشتووەتە 98.4 تریلیۆن دینار، بەراورد بە هەمان ماوەى پار 3.8% کەمی کردووە.
 
بە گوێرەى ئامارەکە لە چارەکى دووەمى 2024، بڕى ئەو دراوەى کە چووەتە دەرەوە 102.3 تریلیۆن دینار بووە.
 
زۆربەى چوونە دەرەوەى پارەى عێراق لە رێگەى حەواڵە بۆ بازرگانیى دەرەکییە، کۆمپانیاکان بە سوود وەرگرتن لە نرخى فەرمى، دۆلار لە بانکى ناوەندى دەکڕن.
 
رێژەى هەڵاوسان لەو ماوەیەى ئەم ساڵ گەیشتووەتە 0.8% کە بە بەراورد بە چارەکى دووەمى پار رێژەى هەڵاوسان 76% کەم بووەتەوە.
 
رێژەی کۆی گشتیی قەرزەکانی دراو بەرامبەر بە کۆی گشتیی سپاردەکان 11% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 61%.
 
بەرزبوونەوەى ئەو رێژەیە بەراورد بە چارەکى دووەمى پارە، کە ئەو کات 55% بووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە