رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 29 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2296 دۆلار.
لە هەفتەی رابردووەوە نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم زیاتر لە 150 دۆلار بەرزبووەتەوە.
داتاکانی هەلی کاری ئەمریکا هۆکارێکی سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆم؛ مانگی رابردوو 50 هەزار هەلی کاری نوێ رەخسێندراوە؛ بێکاریش بۆ 4.4٪ دابەزیوە. ئەمە هانی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دەدات بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود.
گرژییە جیۆسیاسییەکان لەسەر ئاستی جیهان، هۆکارێکی دیکەی سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆم.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەکە، کەمبوونەوەی بڕی پلاتینیۆمە لە بازاڕەکان دا. وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکی، بەتایبەتی ئەفریقای باشوور، بەدەست کەمیی وەبەرهێنان و گرفتە تەکنیکییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە بازاڕ بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، خواستی پیشەسازی لەسەر پلاتینیۆم بە بەهێزی ماوەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی دروستکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن.
ئەم خواستە دوای ئەوە زیاتر بوو کە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا پێداچوونەوە بە بڕیاری قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان بۆ ساڵی 2035 بکات و کاتەکەی درێژ بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ