رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ لە خستنەڕووی ChatGPT لەلایەن کۆمپانیای OpenAIـی ئەمریکی، رکابەری بۆ گەشپێدانی ژیریی دەستکرد و بەتایبەتی مۆدێلەکانی زمانەوانی، بەخێرایی پەرەدەسەنێت.
سەرکردەکانی چەندین وڵاتی جیهان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا، لە پاریسن بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە چۆنیێتیی پێشخستن و چاودێریکردنی ژیریی دەستکرد لە چوارچێوەی لووتکەی ژیریی دەستکرد دا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێ "ئەوروپا بەخێرایی پێشدەکەوێت. فەرەنسا بەخێرایی پێشدەکەوێت. لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا 112 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد دا دەکەین، ئەمە هاوشانە لەگەڵ وەبەرهێنانی 500 ملیار دۆلار لەو بوارەدا کە لە ئەمریکا دەکرێت."
هەروەها جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش گوتی "هەموو کەسێک باسی ژیریی دەستکرد دەکات. ئەمەش شتێکی باشە. راستە ژیریی دەستکرد جیهانی ئێستا دەگۆڕێت، بەڵام دەبێت بە چەشنێک بێت کە بەرپرسیارانە و بە پلان و مەبەست بێت. ئەمە هەر ئێستا دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت."
خستنەڕووی چاتبۆتی (DeepSeek)ـی چینی بە تێچوویەکی کەم، کە بەباشی دەتوانێت رکابەری لەگەڵ ChatGPTـدا بکات، هەرایەکی گەورەی لە جیهانی ژیریی دەستکرد دا دروستکردووە.
یائۆ یانگ، سەر بە ناوەندی توێژینەوەی ئابووریی چین لەمبارەیەوە دەڵێ "زۆربەی سیاسییەکانی ئەمریکا هێشتا لە جیهانی کۆندا دەژین. ئەوان وادەزانن دەتوانن بە سەپاندنی سزا، پێشکەوتنی چین سست بکەن. ئەمریکا نایەوێت چیپە ئەلیکترۆنییە بەهێزەکانی (ئێن ڤیدیا) بگەنە دەستی چینییەکان. لەبەرئەوە کۆمپانیایەکی وەک دیپسیک ناچاربوو رێگەی نوێ و ئەلگۆریزمی نوێ بدۆزێتەوە. بینیمان کە چۆن سەرکەوتوو بوو!"
بەتەنیا کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری تەکنەلۆجیا، لەمساڵدا بە بەهای 320 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکردا دەکەن، کە بەراورد بە پار 40٪ زیاد بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ