رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی سێشەممە دابەزی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە شەڕی ئێران هێندە درێژە ناکێشێت و بەزوویی کۆتایی دێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە بۆ کەمتر لە 95 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە خۆی لە نزیکەی 120 دۆلار بینییەوە.
هەرچەندە شەوی رابردوو لە کاردانەوەی خێرای بازاڕ بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ئاستی 84 دۆلار دابەزی، دواتر کەم کەم نرخەکەی بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش زیاتر لە 4 دۆلار دابەزی و بەرمیلێکی بە نزیکەی 90 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزی دەریایی ئەمریکا ئامادەیە پارێزگاری لە کەشتییە نەوتییەکان بکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە گەمارۆی سەر رووسیا هەڵبگرێت بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بخرێتەڕوو.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە دارییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سەرەرای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر داخرانی گەرووی هورمز، پێشبینی دەکرێت کە نرخەکانی نەوت بەزۆری لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بە ناجێگیری بمێننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ