میرشایمەر: ئێران هەرگیز سازش لەسەر تەنگەى هورمز ناکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆن میرشایمەر، پرۆفیسۆری زانکۆی شیکاگۆ و بیرمەندی گەورەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ئێران هەرگیز دەستبەرداری کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەى هورمز نابێت، چونکە تاکە سەرچاوەی هێز و گوشاریەتی.
 
رۆژی چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 جۆن میرشایمەر لە پۆدکاستى (جەدجینگ فریدەم) شیکردنەوەیەکی بۆ دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و جەنگی ئێران کرد و رایگەیاند، نە دۆناڵد ترەمپ و نە ئیدارەکەشی لەوە تێناگەن کە تاران بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر تەنگەى هورمز ناکات.
 
میرشایمەر پێیوایە، ئێرانییەکان "شێت نین" تاوەکو دەستبەرداری تەنگەى هورمز ببن، چونکە تەواوی هێزیان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو گوتیشی، "ئێران نەک تەنیا لە نێوەڕاستی ئەم ململانێیەدا، بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر دووریش تەنگەکە چۆڵ ناکات. هێزی ئەوان لە کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە و ئەو هەموو مووشەکە بالیستی، کرووز و درۆنانەوە دێت کە هەیانە؛ ئەوان دەستبەرداری ئەمانە نابن، چونکە ئەوە هێزی گوشارکردنیانە."
 
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی شیکردنەوەکەی میرشایمەر، پەیوەستە بە غیابی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە دانوستاندنەکان. میرشایمەر دەڵێت، هەردووکیان دەیانەوێت لە 2028دا ببنە سەرۆکی ئەمریکا، بۆیە نایانەوێت ناویان بە دانوستاندنێکەوە ببەسترێتەوە کە تێیدا واشنتن ناچارە "سازشی گەورە" بۆ تاران بکات.
 
بە بڕوای ئەم بیرمەندە ئەمریکییە، واشنتن لە بنەڕەتدا "ئەم جەنگەی دۆڕاندووە" و ئێستا ئێران مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت. میرشایمەر گوتی، "ئەگەر روبیۆ یان ڤانس ببنە کەسی یەکەمی ئەو سازشانەی کە پێویستە بۆ ئێران بکرێن، ئەوا رووبەڕووی گوشار و هێرشی یەکجار تووندی لۆبیی ئیسرائیل دەبنەوە؛ ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆیان و ناتوانن ببنە سەرۆک، بۆیە دڵنیابن کە ڤانس و روبیۆ خۆیان لەمە دوور دەخەنەوە."
 
میرشایمەر زانایەکی سیاسیی دیاری ئەمریکییە، وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان دادەنرێت.
 
هەروەها داڕێژەری سەرەکیی تیۆریی "واقیعییەتی هێرشبەر"ە. ئەم تیۆرییە پێشنیاری ئەوە دەکات، لە جیهانێکی پێشبینی نەکراودا کە هێزێکى ناوەندیی "پۆلیسی" لێنییە، هێزە گەورەکان بۆ ئەوەی مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، بەردەوام بەدوای هەژمووندا دەگەڕێن. بە پێچەوانەی زۆرێک لە هاوپیشەکانی کە تیشک دەخەنە سەر دیپلۆماسی یان بەها هاوبەشەکان، میرشایمەر بە وردی تیشک دەخاتە سەر دابەشبوونی ساردی هێزی سەربازی و ئابووری.
 
لە کاتێکدا زۆرێک لە سەرکردەکان داکۆکی لە بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەکانی وەک ناتۆ دەکەن، میرشایمەر ئەم هەوڵانە بە "هەژموونی لیبراڵ" ناویان دەبات و پێیوایە، زۆرجار دەرەنجامی پێچەوانەیان دەبێت و دەبنە هۆی ململانێی ناپێویست و ناسەقامگیری.
 
میرشایمەر پێیوایە، ستراتیژیی "گوشاری زۆر"ی ترەمپ نەیتوانیوە ئیرادەی تاران بشکێنێت، بەڵکو ئێرانی بەرەو بەکارهێنانی کاریگەرترین چەکی خۆی بردووە ئەویش داخستنی تەنگەى هورمزە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەسیکۆدا

چەند کۆبوونەوەیەک تایبەت بە ئەسیکۆدا؛ "بیروبۆچوونمان لە یەکەوە نزیکە"

کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆدا و دەروازە گومرگییەکان بەڕێوەچوو. سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان دەڵێ:"بیروبۆچوونمان لە یەکەوە نزیکە."