وردبینیی لیستی مووچە تەواو بوو؛ یەکشەممە بڕی داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی نیسان دیاری دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیساندا تەواو بووە و بە مەبەستی واژۆکردن کرایە یاداشتێک و بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نێردرا.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە رێکارە ماوەکان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە ناردنی نەوت و کێشەی نییە؛ ئەو رێکارەش لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لەبارەی رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت: "رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دیار دەبێت کە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان داهاتی نانەوتیی چەند بووە و چەندیش بۆ بەغدا دەنێردرێت."
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە ، ئەگەر داهاتی نانەوتی بۆ مانگی نیسان کەمی کردبێت، دووبارە ناتوانرێت 120 ملیار دینار لەو داهاتە وەک پشکی بەغدا بنێردرێت، چونکە بڕی ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی فیدراڵ دەنێردرێت، بەگوێرەی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دیاری دەکرێت.
 
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق چەند مەرجێکی هەیە، کە بریتین لە: ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی.
 
رۆژی 9-4-2026 پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆران کە بڕەکەی 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار بوو خرایە سەر هەژماری بانکی ناوەندی و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە