رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سۆمۆ رایدەگەیێنێت، ئەم مانگە لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە نەوتیان فرۆشتووە، بەڵام بڕەکەی سنووردار بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێ بە نرخێکی بەرز دەفرۆشن.
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕی ئەو نەوتەی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە هەناردە دەکرێ، "لە نێوان 160 بۆ 200 هەزار بەرمیلە؛" لەبارەی هەڵبەز و دابەزی بڕی هەناردەکردنەکە گوتی، "ئەوە پەیوەندی بە بارکردن، بڕی کۆگاکراو و تانکەرەکانەوە هەیە. هەندێک رۆژ بڕەکە کەم دەبێتەوە و هەندێک رۆژیش زیاد دەکات."
عەلی نزار دەڵێ، نەوتەکە بە نرخێکی "بەرز لە بۆرسەی جیهانی" دەفرۆشن.
سەبارەت بە هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە لەدوای داخستنی تەنگەی هورمز و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، عەلی نزار رایگەیاند: "لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە نەوتمان فرۆشتووە، بەڵام بڕەکەی سنووردارە و بەراورد ناکرێ بە بڕی هەناردەی پێشوو."
"لە بەندەرەکانەوە نەوتمان هەناردە کردووە"
لەسەر بابەتی تێپەڕینی کەشتی هەڵگری نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمز، بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی: "ئێمە کەشتی گواستنەوەی نەوتمان نییە. نەوتەکە لە بەندەرەکانی باشوور دەفرۆشین. کڕیارەکە لە تەنگەی هورمزەوە دەیبات یان لە کەنداو بەکاری دەهێنێت، ئەوە کاری کۆمپانیاکانی کڕیارە نەک ئێمە."
دەشڵێت: "ئەو کۆمپانیایانەی نەوتمان لێ دەکڕن، کۆمپانیای جیهانی و ناسراون و لەژێر هیچ سزایەکدا نین. کاتێک نەوتەکە دەکڕن، دەبێتە موڵکی خۆیان و ئەوان بڕیار دەدەن بۆ کوێی دەبەن."
"ئەم ساڵ رێککەوتنی بۆریی نەوت لەگەڵ تورکیا کۆتایی دێت"
بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا کە بە "هێڵی بۆریی نیشتمانی بۆ بەندەری جەیهان" ناو دەبرێ، لە کاتی شەڕی داعشدا زیانی بەرکەوت و هەناردەکردن لە رێگەیەوە راگیراوە.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور لەبارەی وادەی کاراکردنەوەی ئەو بۆرییە بە رووداوی گوت: "کاری چاکسازی و تاقیکردنەوەی بۆرییەکە بەردەوامە، بەڵام دیار نییە کەی هەناردەکردن لە رێگەیەوە دەستپێدەکاتەوە. بەشێکی بابەتە پەیوەستە بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ تورکیا."
بەگوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ کۆتایی پێدێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێ، ئەو رێککەوتنە لە 27ی 7ی ئەم ساڵ کۆتایی دێت و "کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنی تورکیا بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ