رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی عێراق بۆ 100 ملیار دۆلار دابەزیوە، بەڵام دۆخەکە سەقامگیر و دڵنیاکەرەوەیە.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025 سەبارەت بە قەبارەی یەدەگی ستراتیژیی دراوی بیانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەدەگی ستراتیژی گەیشتە 110 ملیار دۆلار، بەڵام دواتر دابەزی و ئێستا نزیکەی 100 ملیار دۆلارە، کەمێک زیاد و کەمترە."
راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم یەدەگەش بەکاردێت بۆ پشتیوانیکردنی دارایی هاوردەی عێراق. لە هەمان کاتدا، بەپێی ئەو بڕە دۆلارەی حکومەت لە داهاتی نەوت دەیفرۆشێت بە بانکی ناوەندی، بودجەی گشتی بە دیناری عێراقی پارەدار دەکرێت."
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، "دۆخەکە هێشتا سەقامگیر و دڵنیاکەرەوەیە، بەڵام بەرپرسانی سیاسەتی دارایی و نەختینەیی لە راوێژی بەردەوامدان بۆ ئەوەی یەدەگی ستراتیجی دراوی بیانی نەکەوێتە ژێر هێڵە سوورەوە. هەروەها بۆ ئەوەی ئابووری تووشی پاشەکشە و قەیران نەبێت. ئامانجیش لێی پاراستنی ئابوورییە لە کاریگەرییە نەرێنییە دەرەکییە گەورەکان، وەک هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت."
"چارەکی یەکەمی ساڵی دارایی 2025 کۆتاییهات و تێکڕای نرخی هەناردەی نەوتی عێراق 75 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک. ئەوەش پێنج دۆلار زیاترە لەو نرخەی لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023 (بودجەی سێ ساڵە) دیاریکراوە. بۆیە تاوەکو ئێستا کاریگەرییە نەرێنییەکانی دابەزینی نرخی نەوت دەرنەکەوتوون،" ئەمەش بەشێکی دیکەی قسەکانی راوێژکارەکە بوو بۆ رووداو.
دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای چارەکی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد، لەوبارەیەوە موزهر محەممەد ساڵح پێیوایە، "هێشتا لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدایە" و سەبارەت بە هۆکارە سەرەکییەکانیشی دەڵێت، "بریتین لە جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین، گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکان لەسەر ئاستی جیهان لە رووی جیۆپۆلەتیکییەوە."
وەکو راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "هەر پووکانەوەیەک بە رێژەی 1% لە گەشەی ئابووری، دەبێتەهۆی پووکانەوەی 0.5% لە داواکاری لەسەر نەوت. هاوکات، رێکخراوی ئۆپێک پشکی بۆ وڵاتانی ئەندام دیاریکردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەم بە بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل، ئەوەش بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرهەم و رێگریکردن لە هەر زیادبوونێکی نەخوازراو لە بازاڕدا."
موزهر محەممەد ساڵح جەخت دەکاتەوە، "دەوڵەت پابەندە بە رێکوپێکی دارایی، واتە پێشینەیی لە خەرجکردندا. راستە تاوەکو 200 تریلیۆن دینار بۆ خەرجی دانراوە و نرخی نەوتیشی بە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و قەرزکردنیشی بە 64 تریلیۆن دینار خەمڵاندووە، بەڵام دەتوانێت بە پێی پێشینەی دووەم و جێگرەوەی دووەم کە کەمترە، پارە خەرج بکات." گوتیشی، "بەڵگەکەش ئەوەیە لە ساڵی 2024دا 156 تریلیۆن دینار خەرجکرا، نەوەک 200 تریلیۆن. دۆخەکەش ئاسایی بوو لە پێدانی مووچە و خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی دیکە."
سەبارەت بە پرسیاری کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان لەسەر یەدەگی دارایی عێراق، ئەوەی خستەڕوو، "یەدەگەکانی دەوڵەت یان یەدەگی ستراتیژیی دراوی بیانی کە یەدەگی بانکی ناوەندییە، کاریگەریی لەسەر دەبێت، چونکە پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان سیاسەتی نەختینەیی و سیاسەتی دارایی هەیە. واتە، سەرچاوەی ئەم یەدەگە نەختینە بیانییانە لە بنەڕەتدا لە داهاتی نەوتەوەیە. ئەرکی داهاتی نەوتیش بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری ئابووری و دارایی لە وڵاتدا."
راوێژکارەکەی سوودانی باسی لەوە کرد، "تاوەکو ئێستا ئەم یەدەگە لە ئاستێکی سەلامەتدایە." ئاماژەی بەوەش کرد، "خەرجییەکان پێشینە و کۆنترۆڵی خۆیان دەبێت و وەزارەتی دارایی بە وردی کاریان لەسەر دەکات. ئەگەر پێویستی بە قەرزکردنیش بێت، قەرزی نێوخۆیی دەبێت، بانکی ناوەندیش لە رێگەی کارەکانی بازاڕی لاوەکییەوە یارمەتیدەر دەبێت و کارئاسانی دەکات بۆ دابینکردنی نەختینەیی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە دابەزینە."
موزهر محەممەد ساڵح پێی وابوو "ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لە چەند مانگێکدا کۆتایی دێت." گوتیشی، "ئەرکی یەدەگی ستراتیژی بریتییە لە بەرگریکردن لەم جۆرە دۆخەدا، پاراستنی ئابووری لە پاشەکشە و کشانەوە ئەگەر ماوەیەکی درێژ لە سستبوون رووبدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ