عێراق لە سێ مانگدا 2.7 ملیۆن تۆن بەرهەمى نەوتى هەناردە و نیو ملیۆنى تۆنى هاوردە کردووە

10-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ، هەناردەى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق زیاتر لە 2.7 ملیۆن تۆن بووە و هەناردەى 58%ى نەفتا زیادی کردووە، لە کاتێکدا هاوردەى بەرهەمى نەوتى نیو ملیۆن تۆن بووە.   
 
ئەو زانیارییانە لەسەر هەناردە و هاوردەى پێنج جۆر بەرهەمى نەوتى، لە راپۆرتى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)  هاتووە کە بەیانیی ئەمڕۆ 10ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە.
 
هەناردەى نەفتا 58% زیادیکردووە 
 
بە گوێرەى راپۆرتى کۆمپانیاى سۆمۆ، لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ (یەکى کانوونى دووەم تاوەکو 31ى ئادار) دوو ملیۆن و 795 هەزار و 13 تۆن بەرهەمى نەوتیى هەناردە کراوە. 
 
لەو بڕە، 13 هەزار و 105 تۆنى بەنزینى فڕۆکە بووە، 242 هەزار و 514 تۆنى نەفتا بووە، دوو ملیۆن و 539 هەزار و 394 تۆنى نەوتى رەش بووە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە چارەکى یەکەمى پار، بڕى بەرهەمە نەوتییە هەناردەکراوەکان، دوو ملیۆن و 840 هەزار و 238 تۆن بووە، نۆ هەزار و 797 تۆنى کبریت و 416 هەزار و 403 تۆنى نەفتا بووە، هەروەرها دوو ملیۆن و 414 هەزار و 38 تۆنى نەوتى رەش بووە. 
 
بەوپێیە هەناردەى نەفتا 58.2% کەمی کردووە، بەڵام هەناردەى نەوتى رەش 5% زیادی کردووە. 
 
هاوردەى بەنزین 61 کەمیکردووە  
 
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ، عێراق 562 هەزار و 445 تۆن بەرهەمى نەوتى هاوردە کردووە، 213 هەزار و 152 تۆنى گاز بوو، 349 هەزار و 292 تۆنى دیکەى بەنزین بووە. 
 
پار لە هەمان ماوەدا عێراق تەنیا بەنزینى هاوردە کردووە کە بڕەکەى  536 هەزار و 248 تۆن بووە. هاوردەکردنى ئەو سووتەمەنییە، 61% کەمى کردووە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە