نرخی زێڕ ئاستی 4050 دۆلاری تێپەڕاند

10-11-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەوە و یەک ئۆنسەی بە 4052 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بەهۆی ناڕوونی لە ئاسۆی ئابووری ئەمریکا روویداوە.
 
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و لاوازبوونی هەستی بەکارهێنەران، بازرگانانی گەیاندووەتەوە ئەو باوەڕەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا دیسان سوودی بانکی کەم دەکاتەوە.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، کرانەوەی حکومەتی ئەمریکا دەتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بگرێت."
 
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دووشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەدات کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کۆتاییهاتنی داخرانی حکومەتی ئەمریکا.
 
هەروەها ئاگربەستی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا دەتوانێت نرخی زێڕ دابەزێنێتەوە.
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاوببنەوە و ئەو ئامارانە دەتوانێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە