رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە کەمێک لە زیانەکانی دوێنێی خۆی قەرەبوو کردەوە. بازرگانان چاوەڕێی ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەمساڵدا دەکەن کە کاژێر 10:00ـی ئەم شەو بە کاتی هەولێر بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 58 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخەکانی نەوت رۆژی سێشەممە بەڕێژەی 1٪ دابەزی بوون.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای (ING) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "بازاڕی نەوت رووبەڕووی خستنەڕووی نەوتی زۆر بووەتەوە، هەرچەندە دیارنییە چارەنووسی نەوتی رووسیا چی بەسەردێت و ئاسۆی ئاگربەست لە ئۆکراینا روون نییە."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندووە، لەگەڵ وڵاتە ئەورووپییەکان پلانێکی ئاگربەستیان راگەیاندووە و پێشکێش بە ئەمریکای دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە زیلینسکی گرتووە بەوەی پلانی ئەمریکای بۆ راگرتنی شەڕ لە ئۆکراینا نەخوێندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ