نرخی نەوتی برێنت لە 79 دۆلار نزیکبووەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 79 دۆلار.
 
نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز و تووندبوونی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن. 
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 1 دۆلار و 13 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 78 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی دووشەممە بە 82 دۆلار 37 سەنت کرایەوە، بەڵام پاش چەند کاژێرێک پاشەکشەی کرد.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ئەمڕۆ سێشەممە 74 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر دوو نرخەکانی نەوت لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی خۆیان لە دوای مانگی یەکی ساڵی 2025 وە مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا نرخی نەوت لە رۆژی دووشەممەوە نزیکەی 7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "گەرووی هورمز بە کردەیی داخراوە و ئێران هەڕەشەی کردووە هەر کەشتییەک بە گەرووەکەدا تێپەڕێت دەیکاتە ئامانج."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، هیچ ئاسۆیەک بەدی ناکرێت بۆ کۆتاییهاتن بە شەڕ و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە