رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بانکێکی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، دەستی ئەوانیش کراوەیە بۆ بەئامانجگرتنی بانک و ناوەندە ئابوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا و هۆشداریشیدایە خەڵک کە لەو شوێنانە دووربکەونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، گوتەبێژی قەرارگەکە رایگەیاندووە، "شەوی رابردوو سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل دوای ئەوەی لە بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکانیان شکستیان هێنا، یەکێک لە بانکەکانی وڵاتیان کردە ئامانج."
گوتەبێژەکە، ئەو هەنگاوەی بە "نایاسایی و دوور لە عورفی جەنگ" وەسف کرد و دەڵێت، "ئەم کارەی دوژمن دەستی ئێمەی واڵا کرد بۆ ئەوەی ناوەندە ئابوورییەکان و بانکەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بکەینە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هۆشدارییەکی تووندی داوەو رایگەیاندووە، "پێویستە ئەمریکییەکان چاوەڕێی وەڵامێکی تووند و بەئازاری ئێمە بن."
هەروەها داوای لە خەڵکی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ کرد بۆ پاراستنی گیانیان، بە دووریی 1 کیلۆمەتر لەو بانک و ناوەندە ئابوورییانە دووربکەونەوە کە سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلن.
ئەم هەڕەشەیەی ئێران دوای ئەوە هات لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانەوە، سیستمە بانکییەکانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی چەندین کێشە و پەککەوتن بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە تاران ستراتیژیی وەڵامدانەوەی خۆی بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ