یەک ئۆنسە زێڕ بە 2912 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

12-03-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ ئاستی 2912 دۆلار. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و بە 2922 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی شوبات لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە و پێشبینی دەکرێت بە شێوازێکی بەرچاو کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێن.
 
تیم واتێرێر، ئابووریناسی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان، نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن."
 
بەپێی ئەو ئابووریناسە، ئەگەر هاتوو ئامارەکانی هەڵاوسان بە چەشنێک بن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچاربێت سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا جێگیر بکات، ئەوا بە شێوازی نەرێنی کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت و ئەستەمە نرخی زێڕ بتوانێت ئاستەکانی ئێستای دەرباز بکات.
 
لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت لە درێژخایەندا ئاراستەی نرخی زێڕ زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە بێت، بەهۆی ئەو شەڕە بازرگانییەی کە خەریکە تاوەکو دێت زیاتر تەشەنە دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیا ئەمریکییە گەورەکان، دووبارە بەرگریی لە سیاسەتی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە