وەزارەتی دارایی: کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردوون و هەوڵدەدەین هیچ مووچەیەک نەفەوتێت

12-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ بیانوویەک بەدەست بەغدا نەمێنێت." ئەندامێکی تەکنیکیی شاندەکەش بۆ بەغدا رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-12-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئێمە ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و ستافەکەی هەیە، بەبەردەوامی تیمەکانمان لەسەر هێڵن، هەفتانە یان مانگانە تیمەکانمان چەند جارێک دەچنە بەغدا."
 
هەروەها گوتی "مانگی 10، تیمی تەکنیکیی ئێمە 4 هەفتە لەوێ بووە و، بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر کردووە، ئێستاش دەتوانین بڵێین هیچ بیانوویەکی وا بەدەست وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەماوە، کە مانگی 7 نزیکەی 600 ملیار دیناری لە ئێمە بڕی، بەبیانووی هەندێک کێشە، بەڵام ئێستا هەموو بابەتەکان چارەسەر کراون." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ بیانوویەک بەدەست بەغدا نەمێنێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و داواکارییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پارەی تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی تاوتوێ دەکات. رووداو زانیویێتی هەرێمی کوردستان داوای 230 ملیار دیناری دیکە دەکات؛ بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق رازی نییە.
 

 

 
دوێنێ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپاردووە لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پارەیەکی دیکە لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەكان بکات.
 
ئەمڕۆ 12-12-2024ـە، بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـیان وەرنەگرتووە.
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، رێباز عەباس، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئەندامی تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە لە بەغدا، رایگەیاند "تیممان لەگەڵ وەزارەتی دارایی (عێراق) لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە تەمویلێک وەربگرین، کە تەواوکاریی مووچەی مانگێک بکات تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش بکەین، ئەمەش ئەو مانایە ناگەیێنێت مووچەی مانگەکانی دیکە دابەش ناکرێت."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی "لیستی مووچەی مانگی 11 وردبینیی تێدا کراوە و ئامادەیە بۆ تەمویلکردن، ئەو موناقەلەیەی رەزامەندیشی لەسەردراوە ئامادەیە بۆ ئەوەی تەمویل بکرێت، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 12ـی ئێمە، رۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی (عێراق) و بەخۆشحاڵییەوە بەشی هەرە زۆری وەزارەتەکانی عێراق کە خۆیان لە بەغدان، هێشتا لیستی مووچەیان نەگەیشتووە، کە ئێستا لە پرۆسەی وردبینییە و چاوەڕێین ئەگەر شتێک نەیەتە پێشەوە، بەزووترین کات تەمویلی مانگی 12ـش وەربگرین."
 
رێباز عەباس هاووڵاتییان دڵنیادەکاتەوە لەوەی "هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەکی ساڵی 2024 نەفەوتێت، هەرچی دیکەش پێویست بێت لەسەر هێڵین." 

 

 

 

"کۆمپیوتەرەکانی عێراق ئەوەندە کۆن بوون، سیدییەکانی ئێمەیان نەدەخوێندنەوە"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەندامەکەی تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، باسی کۆنیی کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی دارایی عێراقی کرد.
 
رێباز عەباس گوتی کاتێک لیستی مووچەیان ناردووەتە عێراق، لەدوای پێنج مانگ توانیویانە سیدییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بخەنە سەر ئەو لاپتۆپانەی بەتایبەتی بۆ سیدییەکانی ئەوان کڕیویانە "چونکە کۆمپیوتەرەکانی حکومەتی عێراق ئەوەندە کۆن بوون، کە سیدیی داتاکانی ئێمە، کە داتای پێشکەوتوو بوون، نەیاندەخوێندەوە. دوای پێنج مانگ، رەزامەندییان وەرگرت بۆ کڕینی سێ لاپتۆپ، پاشان سیدییەکانی ئێمەیان خوێندەوە."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی وەزارەتی دارایی عێراق "ناهەقییان کردبوو لە راگرتنی تەمویلی ئێمە." بۆیە دوای ئەوەی بۆیان روونکردوونەتەوە، "بە چەند گوژمەیەک، تەمویلەکەیان بۆ گەڕاندینەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە