هاوردە و ناردنکاران: سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران کاریگەریی لەسەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان نابێت

13-01-2026
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی "یەکلاکەرەوە"ی دەرکرد و رایگەیاند، هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، رووبەڕووی باجی گومرگیی 25% دەبێتەوە؛ یەکێک لەو وڵاتانەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە عێراقە. سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ناتوانین هاوردە لە ئێران رابگرین".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مادە سەرەکییەکانی رۆژانە زۆربەی لە ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکەین و وێڕای بڕیاری ترەمپ، ناکرێت هاوردە لەو دوو وڵاتەوە رابگیرێت."
 
شێخ مستەفا گوتی، "چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان کراوە کە شتومەک و بەتایبەت خواردن و بەرهەمی شێرەمەنی دەهێننە هەرێمی کوردستان، ناکرێت ئەوانە رابگیرێن و ئەوە تەنیا بە دەوڵەت دەکرێ، بەڵام لە ئەگەری راگرتنی بەرهەمیی ئێرانیدا راستەوخۆ کاریگەریی دەبێتە لەسەر نرخ لە بازاڕدا و نرخ بەرز دەکاتەوە، چونکە ئێران نزیکە و پێداویستییەکانی رۆژانە بە کاتێکی کەم و تێچووی کەم دەگات."
 
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، "بڕیارەکەی ترەمپ کاریگەریی بۆ بازرگانان نابێت و زیاتر کاریگەریی بۆ دەوڵەت دەبێت."
 
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بازرگانانەی لە ئێران یان تورکیاوە شتومەک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن هیچ کەرەستەیەک لە ئەمریکاوە هاوردە ناکەن، بۆیە سزاکەش نایانگرێتەوە."
 
وەکو شێخ مستەفا باسی دەکات، "زۆرینەی بەرهەمی هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە تورکیاوە ئێرانەوەیە، نزیکەی 3%ی هاوردەکردن لە ئەمریکاوەیە، ئەویش زیاتر کەرەستەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکین، هەروەها بەشێکی برنج و پاقلەمەنی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێت."
 
رۆژی سێشەممە 13-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، بڕیارەکە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت و ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بازرگانی دەکەن.
 
ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران بەهۆی "سەرکوتکردن"ی خۆپێشاندانەکانەوە بەردەوامن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەندەرێکی هەناردەکردن لە چین

شەڕی ئێران؛ نرخی گەیاندنی کاڵا لە چینەوە دوو هێندە زیادبووە

ئەم دۆخە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی وزەی چین و بازرگانیی جیهانی داناوە، هاوکات نرخی گەیاندنی کاڵای بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دوو هێندە بەرزکردووەتەوە.