رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی تووندی بەسەر هەر وڵاتێکدا کرد کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دابکات. ئەم بڕیارە چاوەڕوانییەکانی بۆ کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوتی خاو زیاتر کردووە.
رۆژی سێشەممە 13-01-2026 دەیڤد مۆریسن، شرۆڤەکاری باڵا لە ناوەندی (Trade Nation) رایگەیاند، "نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوت جارێکی دیکە بوونەوە بابەتی سەرەکی، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ رایگەیاند پێناسی گومرگی دەخاتە سەر هاوردەکردنی کاڵا لەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن."
مۆریسن ئاماژەی بەوەش کرد، ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران و تووندیی لێدوانەکان سەبارەت بە ئەگەری کردەوەی سەربازی، نرخی نەوتیان لە رووی جیۆسیاسییەوە بەرزکردووەتەوە.
گوشار بۆ سەر چین و هاوبەشەکانی دیکە
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا رایگەیاند، ئەم باج و گومرگە نوێیانە "دەستبەجێ" ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و هاوکات لەگەڵ ئەمریکاشدا کار دەکەن.
ڤیکتۆریا سکۆلار، بەرپرسی وەبەرهێنان لە ناوەندی (Interactive Investor) پێیوایە ئەم هەنگاوە زیانی گەورە بە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران وەک چین دەگەیەنێت.
دۆخی بازاڕەکانی پشک و بانکی ناوەندی
بازاڕەکانی پشکی ئەورووپا دۆخێکی تێکەڵاویان هەبوو، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی نرخەکان لە ئەمریکا کە دەریخست هەڵاوسان رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ) هان بدات سوودی بانکی کەم بکاتەوە.
وەبەرهێنەران تاوەکو ئێستا بایەخیان بەو لێکۆڵینەوە تاوانکارییانە نەداوە کە دەگوترێت بەرامبەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستپێکراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ گوشارە تووندەکانی ترەمپ بۆ سەر جیرۆم پاول، سەرۆکی بانکەکە تاوەکو سوودی بانکی کەم بکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، سەرۆکی بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهان پشتگیریی خۆیان بۆ پاول دووپات کردەوە و رایانگەیاند، پاراستنی سەربەخۆیی بانکە ناوەندییەکان "کارێکی بنەڕەتییە."
لە ئاسیا، پشکەکانی تۆکیۆ گەیشتنە ریکۆردێکی نوێ، ئەمەش بەهۆی پێشبینییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ژاپۆن، کە تێیدا سانای تاکایچی، یەکەمین ژنە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستبەکاربووە، جەماوەرییەکی زۆری (نزیکەی 70٪) هەیە.
لە کۆریای باشوور، پشکەکان 1.5٪ بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای زەبەلاحی (SK hynix) رایگەیاند کە بڕی 19 تریلیۆن وۆن (12.9 ملیار دۆلار) بۆ بنیادنانی کارگەیەکی پێشکەوتووی چیپ (نیمچەگەیەنەر) خەرج دەکات، تاوەکو سوود لە گەشەی جیهانیی ژیریی دەستکرد وەربگرێت.
نرخە سەرەکییەکان تاوەکو کاژێر 15:40 بە کاتی هەولێر:
نەوتی خاوی برێنت: 1.3٪ بەرزبووەوە (64.73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).
نەوتی تەکساس (WTI): 1.3٪ بەرزبووەوە (60.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).
پشکی داو جۆنز (نیویۆرک): 0.2٪ دابەزی.
پشکی فوتسی 100 (لەندەن): 0.1٪ دابەزی.
پشکی داکس (فرانکفۆرت): 0.3٪ بەرزبووەوە.
پشکی نیکی 225 (تۆکیۆ): 3.1٪ بەرزبووەوە (گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ