رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دوێنێ نرخی نەوتی بەرزکردبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە نیگەرانی لە کاریگەرییەکانی سەپاندنی پێناسی گومرکی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر هاوبەشەکانی، دووبارە نرخی نەوتی دابەزاند.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، 17 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت دابەزی و بە 67 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 2٪ بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکرا و لەلایەن کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا بڵاوبوونەوە.
قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەپێی ئەو دامەزراویە، تەنیا 1.4 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوودا زیادیکردووە کە کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.
پێشبینی دەکرا دوو ملیۆن بەرمیل بە نەوتی یەدەک کراو لە ئەمریکا زیاتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا 5.7 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا بڕی ئەو کەمکردنەوەیە تەنیا 1.7 ملیۆن بەرمیل بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ