رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک و هێلکە، گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی. کاریش دەکەن بۆ ئەوەی لە بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور، پڕۆژەکانی گاوداری و شیرەمەنی، پێداویستیی ناوخۆ دابین بکەن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-03-2025) هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 2 هەزار و 442 پڕۆژەیان لە بواری بەخێوکردنی ئاژەڵ، بەرهەمهێنانی هێلکە، پەلەوەرخانە و ئاژەڵداری هەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک و هێلکەی خواردن، پێداویستیی ناوخۆ بە زیادەوە دابین دەکرێت و، بەشێکی باشی خواستی بازاڕەکانی عێراق بۆ گۆشتی مریشک دابین دەکەن.
بەشێکی جووتیاران و خاوەن کێڵگە و کارگەکان، کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان هەیە. لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، "کار دەکرێت بۆ رەخساندنی بازاڕ و چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردن لە ئاستی ناوخۆ". هیوا عەلی گوتیشی، "هەنگاوی گرنگ نراوە بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیکدا بەرهەمی پەرلەوەخانەکان و ئاژەڵداری هەناردەی وڵاتانی پێشکەوتووش بکرێت ".
جۆر و ژمارەی پڕۆژەکانی پەلەوەر و گۆشتی سوور:
- 1968 پڕۆژەی گۆشتی سپی
- 50 پڕۆژەی هێلکەی مریشک
- 61 هەڵهێنەری پەلەوەر
- 13 پڕۆژەی سەربڕخانەی پەلەوەر
- 80 پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕ و بزن
- 90 پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیردەر
- 2 پڕۆژەی بەخێوکردنی گامێش
- 109 پڕۆژەی قەڵەوکردنی گۆلک
- 6 پڕۆژەی قەڵەوکردنی بەرخ
- 1 پڕۆژەی وشترمرڵ
- 47 کارگەی ئالیک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ