عێراق لە شەش مانگدا 62 تریلیۆن دیناری دەستکەوتووە و 56 تریلیۆن دیناریشی خەرجکردووە

13-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق 56.7 تریلیۆن دینار و داهاتەکەشی 62 تریلیۆن دینار بووە، زیاتر لە 75%ـی خەرجى بۆ مووچە بووە. پشکی هەرێمی کوردستان لەو خەرجییانە زیاتر لە پێنج تریلیۆن دینار بووە.
 
وەزارەتى دارایی عێراق راپۆرتى خەرجى و داهاتى بۆ شەش مانگى یەکەمى ئەم ساڵ بڵاوکردەوە، کە لەیەکى کانوونى دووەم تاوەکو 30ى حوزەیران دەگرێتەوە.
  
خەرجی 56 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند
 
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق 56 تریلیۆن و 712 ملیار و 212 ملیۆن و 590 هەزار و 981 دینار بووە.
 
لەم بڕە 92.8%ـی بۆ خەرجیی رەوان بووە، کە زۆرینەی بۆ مووچەیە و بڕەکەی 52 تریلیۆن و 767 ملیار و 821 ملیۆن و 255 هەزار و 112 دینار بووە، کە 43 تریلیۆن و 90 ملیار و 302 ملیۆن دیناری بۆ مووچە و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بووە. ئەم خەرجییەش 75.8%ى تێکراى خەرجییەکان بووە لەو شەش مانگەدا.
 
لەو ماوەیەدا سێ تریلیۆن و 944 ملیار و 391 ملیۆن و 335 هەزار و 869 دیناری خەرجى بۆ وەبەرهێنان بووە، کە دەکاتە 6.8%ی کۆی خەرجییەکان.
 
خەرجیی هەرێمی کوردستان 5 تریلیۆن دینار بووە
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو بڕە پارەیەی وەک خەرجی لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە، پێنج تریلیۆن و 166 ملیار و 760 ملیۆن و 773 هەزار و 383 دینار بووە، کە 8.9%ی کۆی خەرجییەکان بووە.
 
زۆرترین خەرجی لەو شەش مانگەدا لەسەر ئاستى عێراق پشکی وەزارەتی دارایی بووە، کە 11.8 تریلیۆن دینار بووە. کەمترین خەرجی 2.7 ملیار دینار بووە، کە لەسەر ئەنجوومەنی دەوڵەت لە عێراق هەژمار کراوە.
 
لەسەر ئاستی کەرتەکان، زۆرترین خەرجیی وەبەرهێنان بۆ کەرتی خزمەتگوزاریی و بیناسازی بووە، کە یەک تریلیۆن و 932 ملیار و 78 ملیۆن دینار بووە. کەمترین خەرجیش بۆ کەرتی کشتوکاڵ بووە، کە 81.2 ملیار دینار بووە.
 
داهات 5.2 تریلیۆن دینارى لە خەرجى زیاتر بووە 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لەو شەش مانگەدا کۆی داهات 62 تریلیۆن و سێ ملیار و 937 ملیۆن و 803 هەزار و 919 دینار بووە، کە بەراورد بە خەرجییەکان، نۆ تریلیۆن و 236 ملیار و 116 ملیۆن و 548 هەزار و 807 دیناری زیاتر بووە.
 
داهاتی نەوتی لەو شەش مانگەدا 57 تریلیۆن و 52 ملیار و 654 ملیۆن و 994 هەزار و 486 دینار بووە، کە 92%ـی کۆی داهاتەکان بووە. داهاتی نانەوتی چوار تریلیۆن و 951 ملیار و 282 ملیۆن و 809 هەزار و 433 دینار بووە، کە 8%ـی کۆی داهات بووە.
 
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، خەرجیی عێراق 56 تریلیۆن و 712 ملیار و 212 ملیۆن و 590 هەزار و 981 دینار بووە. بەوپێیە  داهاتی عێراق لە شەش مانگەدا 5.2 تریلیۆن دینارى زیاتر بووە لە خەرجییەکانی.
 
خەرجی و داهاتی عێراق لە 1-1-2024 تاوەکو 30-6-2024
 
خەرجی: 56.7 تریلیۆن دینار
 
خەرجیی رەوان: 92.8%
 
مووچە: 43 تریلیۆن دینار (75.8%ی کۆی خەرجی)
 
خەرجیی وەبەرهێنان: 3.9 تریلیۆن دینار
 
خەرجیی هەرێمی کوردستان: 5.1 تریلیۆن دینار
 
داهات: 62 تریلیۆن دینار
 
داهاتی نەوتی: 57 تریلیۆن دینار (92%ی کۆی داهات)
 
داهاتی نانەوتی: 4.9 تریلیۆن دینار (8%ی کۆی داهات)
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە