ئەمریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات کێشەکانیان لەبارەی بودجە چارەسەر بکەن

13-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوامە لە داواکردن لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. 

رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە داواکردن لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کێشەکانیان لەسەر بودجە بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بێت، وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە".
 
پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە لە ئاستێکی باش نین، دوای 19 جار دانیشتن، گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ژمارە و داتاکان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەبری چارەسەری کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کێشەکە بەرەو بنبەستی زیاتر چووە.
 
لەکاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، لە هەفتەی داهاتووەوە حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی دەکات.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: 
 
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوای لە  سەرۆک بایدن و ئەو ئیدارەیە کرد کە دەستێوەردان لەو کێشە قوڵانەی نێوان هەولێر و بەغدا بکات؛ هەروەها داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان هەولێر و بەغدا بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ئێوە چۆن ئەو نامە و داوایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن و ئایە ئێوە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن، یاخود زیاتر هەماهەنگی دەکەن لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن؟
 
ماتیۆ میلەر: من قسە لەسەر ئەو پەیامە دیپلۆماسییانە ناکەم لەنێوان سەرۆک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام من ئەوە دووپاتدەکەمەوە وەکو لە مانگی شوبات لە لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتن جەختمان لێی کردەوە، کە ئێمە بەردەوام دەبین لە داواکردن لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کێشەکانیان لەسەر بودجە بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بێت، وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.