بازاڕی سۆپای دار لە تورکیا گەرم بووە

14-10-2022
هەوار ئیسماعیل
کارکردنی وەستایەکی دروستکردنی سۆپا لە بۆڵوی تورکیا
کارکردنی وەستایەکی دروستکردنی سۆپا لە بۆڵوی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسماعیل ئاتڵی، وەستای دروستکردنی سۆپایە لە شاری بۆڵو لە باکووری رۆژئاوای تورکیا. سۆپاکانی بە چەکوشەکەی دەستی دروستدەکات کە بە دار و خەڵووز کاردەکەن. 
 
ئیسماعیل ئاتڵی دەڵێت، "سۆپاکانمان زۆر ئابوورییە، بە سووتەمەنییەکی کەم وزەیەکی زۆر دەدات؛ سۆپایەکی قەبارە مامناوەند دەتوانێت بە ئاسانی ژوورێکی 50 مەتر چوارگۆشە گەرم بکاتەوە." 
 
ئەو وەستایە رۆژانە چوار بۆ پێنج سۆپا دروستدەکات. هەرچەندە وەرزی سەرما دەستیپێنەکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی وزە کە لەگەڵ پچڕانی دابینکردنی گازی سروشتی لە رووسیا دەستیپێکردووە، لە ئەوروپاوە داواکارییەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادیکردووە. 
 
ئەو وەستای سۆپایە گوتیشی، "لە یۆنانەوە زیاتر لە هەزار داواکارییمان وەرگرتووە. لەگەڵ کڕیارە بولگاریاییەکان گفتوگۆ کراوە، بەڵام لەسەر بڕی پارەکە قسە نەکراوە. لە هۆڵەندا و ئەڵمانیاش داواکارییمان وەرگرتووە."
 
نرخی سۆپاکان بەپێی قەبارەیان لە دوو هەزار و 200 لیرە واتا نزیکەی 120 دۆلار دەستپێدەکات تا چوار هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 215 دۆلار. 
 
شوێنکارەکانی بۆلو و ئەدیرنە کە لە سنوورەکانی یۆنان و بولگاریا نزیکن، لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکان لە دەرەوە، زۆر سەرقاڵن و بازاڕیان گەرم بووە. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستانیش بەهۆی بەرزی نرخی سووتەمەنی، بەشێک لە ناوچەکان تا ئێستاش سۆپا دارییە کۆنەکان بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزی زستاندا ماڵەکانیان گەرم رابگرن و پارە پاشەکەوت بکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە