رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2025 وەک ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک و داڕمانی بەهای تمەن دەستیپێکرد، تا ناوەڕاستی مانگی 1ی ئەم ساڵ، گۆڕدراوە بۆ هەڕەشەیەکی بنەڕەتی لەسەر کۆی سیستمی ئابووری و سیاسیی ئێران. نرخی یەک دۆلار گەیشتە نزیکەی 150 هەزار تمەن، ئەمەش بە واتای لەدەستدانی 80%ی بەهای دراوی نیشتمانی دێت تەنیا لە ماوی یەک ساڵدا.
خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە جیاوازە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2009 و 2022، بەهۆی ئەوەی زۆربەی چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی کاسبکاران و بازاڕییان بە داخستنی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان، تیایدا بەشداربوون.
ئەمەش لە کاتێکدا بازاڕییانی تاران بە یەکێک لە پارێزگارخوازترین چینە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران هەژمار دەکرێن، کە لەڕووی مێژووییەوە بە بەردەوامی پاڵپشتییان لە حکومەتەکانی ئێران کردووە. ئەمجارە کاسبکاران، بەتایبەتی لە بازاڕی گەورەی تاران، هاتنە پاڵ هاووڵاتییان، کرێکاران و قوتابییان و دووکانەکانیان داخست.
دۆخی مرۆیی و هەڕەشەی ئەمریکا
بارودۆخی مرۆیی لە ئێران بە تووندی تێکچووە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گیانلەدەستدانی لانیکەم 2000 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "هاوکاری لە رێگەیە". هەروەها کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگی 25%ی بەسەر ئەو وڵاتانە راگەیاند کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن.
کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕە داراییەکان
ناجێگیریی سیاسی لە ئێران کاریگەریی بەرچاوی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستکردووە و زۆربەی بازاڕەکانی ناجێگیر کردووە.
نەوت و مەترسیی جیۆسیاسی
فاکتەری جیۆسیاسی دووبارە گەڕاوەتەوە نێو بازاڕی نەوت. لە کاتێکدا رووداوەکانی ڤەنزوێلا و گەڕانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا دەتوانێت نەوتی زیاتری بۆ نێو بازاڕەکان بەداوەوە بێت، کەچی دۆخی ئێران دەتوانێت هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە پەکبخات، بەو پێیەش تەنیا لە ماوەی 4 رۆژدا نرخی نەوت بە رێژەی 10% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. نرخی نەوت نزیکەی 4 دۆلار بەهۆی رووداوەکانی ئێرانەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت 65 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 61 دۆلاری دەرباز کرد.
سیتی بانک لەو بارەیەوە دەڵێت، "خۆپێشاندانەکان مەترسییان دروستکردووە لەسەر پچڕانی نەوتی ئێران."
نەمانی هەناردەی نەوتی ئێران لە بازاڕەکاندا کە ئێستا نزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیلە، بە زۆری کاریگەری لەسەر چین دادەنێت، بەو پێیەی ئەو وڵاتە 90%ی نەوتی ئێران دەکڕێت.
جگە لەوەش، سەپاندنی پێناسی گومرگی 25% کە دەستبەجێ لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانێت هێندەی دیکە کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە ئەستەم بکات.
زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژووییدا
رۆژی چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، نرخی زێڕ دەستبەجێ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و ئۆنسەیەکی خۆی لە 4640 دۆلار دا. زێڕ سوودمەندی سەرەکییە لە ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ئێران و ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی زیویش جێگەی بایەخە. نرخی ئۆنسەیەک زیو رۆژی چوارشەممە 90 دۆلاریشی تێپەڕاند.
کۆمیرزبانک، یەکێک لە گەورەترین بانکە ئەڵمانییەکان پێشبینیی نوێی خۆی بۆ نرخی زێڕ راگەیاند و دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 4900 دۆلار.
بەهای پشکەکان
هەرچەندە ناجێگیری و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی جیۆسیاسی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەڵام بە پێچەوانەوە زیان لە بەهای پشکی کۆمپانیاکان دەدات.
هەر سێ پێنوێنی (داوجۆنز)، (S$P 500) و (ناسداک)ی بۆرسەکانی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە بەهۆی رووداوەکانی ئێران و هەڕەشەکانی ترەمپ دابەزین.
دراوە دیجیتاڵییەکان
نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان پێچەوانەی بازاڕەکانی دیکە کاردانەوەیان کەم بووە بەرامبەر بە رووداوەکانی ئێران. هەرچەندە رۆژی چوارشەممە نرخی بیتکۆین زیاتر لە 5000 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 95 هەزار و 500 دۆلار، بەڵام هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 12 لە ئەمریکا، کە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیادکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ