رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان 12.67٪ـی بودجەی گشتیی عێراق دەبێت و تا پەسندکردنیشی هیچ ژمارەیەکی کۆتایی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دیار نییە؛ دەشڵێت: "ئەو 400 ملیار دینارەی نێردراوە بۆ مووچە دەبێت."
رۆژی سێشەممە 14-3-2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو، لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە بودجە و مووچەوە قسەیکرد و رایگەیاند: "رێککەوتن لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە لەچوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا کراوە و پڕۆژەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکراوە و دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەوێش ئومێدەوارین بەزووترین کات پەسندبکرێت."
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، وەزیری دارایی گوتی: "ئەوەی راگەیێندراوە 12.67٪ـە." تایبەت بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەش، وەزیری دارایی لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "بەو میکانیزمەی لە یاساکەدا نووسراوە، شێوازی مامەڵەی هەردوولامان بەو میکانیزمانە دەبێت" و ئەوەشی ئاشکراکرد کە ژمارەکانی نێو رەشنووسی یاسای بودجە کۆتایی نین و گوتی: "ئەو بودجەی ئێستا بودجەیەکی خەمڵێندراوە؛ رەنگە لە پەرلەمان زیاد و کەم بکرێت و رەنگە ژمارەی کۆتایی بودجە بگۆڕدرێت بە زیاد و کەم؛ ئەوەش وادەکات رێژەکە بۆ هەموو لایەک بگۆڕدرێت."
ئاوات شێخ جەناب باسی لەو 400 ملیار دینارەش کرد کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی وەک مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران دا و دواتر رێگری بۆ دروستکرا، رایگەیاند: "400 ملیار دینارەکە بۆ مووچە هاتووە و جگە لە مووچە بۆ هیچ شتێکی دیکە خەرجناکرێت."
لەبارەی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، وەزیری دارایی خۆی لە وەڵامی باسکردنی خێراکردنی دابەشکردنی یان زووتر دابەشکردنی مووچەی مانگی داهاتوو بەدوورگرت و تەنیا گوتی: "مووچەی ئەم مانگە لەسەر ئەو زنجیرەی بۆی دیاریکراوە بە رێکوپێکی بەردەوام دەبێت. لەو بڕوایەدام مووچەی مانگی داهاتووش بەشێوەیەکی رێکوپێک تێدەپەڕێ."
وەزیری دارایی رەتیکردەوە مووچەی هیچ مانگێک دواکەوتبێت و گوتی: "هیچ مووچەیەک دوانەکەوتووە؛ هەر مووچەیەک بەگوێرەی مانگەکەی خۆیەتی و هیچ مانگێک دواناکەوێت."
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوەیەکی پێنج کاژێریی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 13-3-2023 وردەکاریی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی خستەڕوو، کە بۆ ماوەی سێ ساڵە.
بودجەکە گەورەترینە و هەر دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەوانەی پەرلەمان کرا.
بودجەی ئەمساڵی عێراق بەپێی رەشنووسی یاساکەی 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە؛ بودجەی بەکارخستن زیاتر لە 150 تریلیۆن دینارە و بودجەی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 47 تریلیۆن و نیوە؛ کورتهێنانی بودجەش زیاتر لە 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە. پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکەدا 12.6% دەبێت، کە دەکاتە زیاتر لە 24 ترلیۆن دینار.
لە رەشنووسەکەدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی هەناردەکراویش لە نەوت لە رۆژێکدا 3 ملیۆن و 500 ملیۆن بەرمیل دەبێت، کە 400 هەزار بەرمیلی لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ