نرخی گازی ماڵان لە بەنزینخانەکان 50% دابەزی

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرەکانی گازی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی گازی بازرگانی نزیکەی 50% دابەزی.
 
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی لیترێک گازی (LPG) ئەمڕۆ لە بەنزینخاکان بە 900 دینارە."
 
جەنگی مەجید گوتی، "رۆژانی رابردوو لیتر گازی ماڵان بە هەزار و 750 دینار بوو."
 
بوتڵی گازی ماڵان نزیکەی 22 لیتر دەگرێت و لە رۆژانی رابردوو لە بەنزینخانەکان بە نزیکەی 40 هەزار دینار پڕ دەکرایەوە. بە گوتەی جەنگی مەجید، "ئەمڕۆ بوتڵێک بە نزیکەی 20 هەزار دینار پڕ دەکرێتەوە."
 
پێش راگەیێندراوی کێڵگەی کۆرمۆر، 11ی ئەم مانگە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی کردەوە، کارکردن لە کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا نرخی گازی ماڵان دادەبەزێت.
 
بەهۆی جەنگەوە لە 28ی شوبات، کارکردن لەکێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان وەستا، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی بەرزبێتەوە تاوەکو نزیکەی 50 هەزار دینار، لەکاتێکدا حکومەت بوتڵێک بە 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکات.
 
بە گوتەی بەرپرسانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان بۆ رووداو، ئەگەر دۆخی ئەمنی وەکو ئێستا لەبار بێ، دابەشكردنی گازی حکومیی بۆ ماڵان لە یەک هەفتەی داهاتوودا وەکو پێش جەنگ ئاسایی دەبێتەوە.
 
13ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای دانەگاز بە فەرمی بەرهەمهێناوەنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند.
 
چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەش هۆکاری ئاسایی بوونەوەی بەرهەمهێنانی گازە لە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە