نەوت و کانزاکانی دهۆک: پشکی گاز ئاسایی بووەتەوە و 107 هەزار خێزان نەوت وەردەگرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی زیاتر لە 10 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سەنتەری قەزاکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوامە و پشکی گازی ماڵانیش ئاسایی بووەتەوە. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 80%ی ئەو نەوتەی لە بەغداوە هاتووە دابەشکراوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەو و کانزاکانی دهۆک، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کە لە بەغداوە دابینکراوە، قۆناخی باشی بڕیوە و تەنیا سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە.
 
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان:
 
• بڕی نەوت: 10 ملیۆن و 792 هەزار لیتر بۆ سنوورەکە تەرخانکراوە.
• سوودمەندبووان: زیاتر لە 107 هەزار خێزان لەم پشکە سوودمەند دەبن.
• بڕی دیاریکراو بۆ هەر خێزانێک: بۆ هەر ماڵێک 100 لیتر نەوت دیاریکراوە.
• ناوچەکان: پرۆسەکە سەنتەری قەزاکانی دهۆک، ئاکرێ، بەردەڕەش، سێمێل و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگرێتەوە.
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو نەوتەی پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی کردبوو، تەنیا ناوچە شاخاوییەکانی گرتبووەوە، بەڵام ئەم بڕەی ئێستا تەنیا بۆ سەنتەری قەزاکانە.
 
کۆتاییهاتنی تەنگژەی گازی ماڵان
 
سەبارەت بە دابینکردنی گازی ماڵان، دۆخەکە گەڕاوەتەوە باری ئاسایی. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک جەختی کردەوە، "لە ئەمڕۆوە دۆخی دابینکردنی گاز بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە" و رۆژانە بڕی پێویست دەگاتە دەستیان، بەوەش کێشەی کەمیی گاز لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت.
 
ئەم ئاساییبوونەوەیەی دۆخی گاز دوای ئەوە دێت، کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد و 40 رۆژ بەردەوام بوو پێش راگەیاندنی ئاگربەست، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستا و پشکی شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە نیوە دابەزی، بە جۆرێک لە هەولێر و سلێمانی دابەشکردنی گاز ببووە هەفتەی دوو جار و نرخی بووتڵێک گازی بازرگانی گەیشتبووە سەروو 30 هەزار دینار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە