رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت دەڵێت، حکومەت لە هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هیچ کێشەیەکی نییە.
رۆژی یەکشەممە، 14-7-2024، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆری میدیایی رووداویش ئامادەبوو، لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت قسەی کرد و گوتی: "کێشەکە بریتییە لە خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. عێراق ساڵانە پارە بۆ ئەو بابەتە تەرخان دەکات، بەڵام کۆمپانیاکان لێرە خۆیان وەبەرهێنانیان کردووە. ئەو پارەیەی کە لە یاسای بودجەدا جێگیر کراوە کە بریتییە لە 8960 دینار لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە رەت دەکرێتەوە کە لێرە لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا کاردەکەن".
کەمال محەممەد لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "ئێمە وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ رێگرییەکمان نییە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و تەنیا رازیکردنی کۆمپانیاکانمان (بەلاوە مەبەستە). ئەگەر کۆمپانیاکان بەو بڕە پارەیە رازی بن، هیچ کێشەیەکمان نییە. هیچ کێشەیەکیشمان بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە نییە. هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵ هەموارکردنەوەی گرێبەستەکان نییە".
کەمال محەممەد باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و هەناردەکردنەوەی نەوت و گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵ لەگەڵ کۆمپانیاکان سەردانی بەغدایان کردووە و 9-6-2024یش لەگەڵ کۆمپانیاکان و بۆ هەمان مەبەست چوونەتەوە بەغدا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەکە لای کۆمپانیاکان ماوەتەوە و ئەوانیش تاوەکو ئێستا بەو پارەیە رازی نەبوون کە بۆیان دانراوە.
کەمال محەممەد کە وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانیشە لەبارەی دۆخی کارەباش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی، "لە گەرمادا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و ئێستا خواست لەسەر کارەبا سەروو 5000 مێگاواتە، بەڵام هەرێمی کوردستان خاوەنی 3700 مێگاواتە و بەشێکی ئەویش بۆ کارگەکان دەچێت و کاژێرەکانی پێدانی کارەباش تێکڕا 10 بۆ 12 کاژێرە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ