راوێژکارێکی سوودانی: جیاوازیی نرخ لەنێوان چاپەکانی دۆلار قۆڵبڕین و فێڵکردنە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هەموو چاپەکانی دۆلار کە لە بازاڕەکاندا مامەڵەیان پێوە دەکرێ، هەمان هێزی یاساییان هەیە و جیاوازیی نرخ لەنێوانیاندا "قۆڵبڕین و فێڵکردنە."
 
موزهر محەممەد ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لایەنە فەرمییەکان بە وردی چاودێریی ئەو بابەتە دەکەن کە مامەڵەکردنە بە دۆلار بە جیاوازیی چاپییەوە کە لەنێو خەڵکدا بە دۆلاری شین و دۆلاری سپی ناسراون. ئەمە کارێکە بازرگانە قۆڵبڕەکان دەیکەن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی لەسەر حیسابی هاووڵاتییان."
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو جۆرەکانی دۆلار یاسایین و بەهایان وەک یەکە. هەر جیاوازییەک لە نرخدا بە پارەسەندن و فێڵکردن لە بازاڕە نافەرمییەکاندا دادەنرێ و سەرپێچییەکی یاسایی ئاشکرایە."
 
موزهر محەممەد ساڵح گوتیشی: "دەسەڵاتە داراییەکان رێگەی فەرمییان بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان لەسەر هەر کارێکی نایاسایی لە بازاڕی دراودا داناوە و بەردەوامن لە زیادکردنی چاودێری بەسەر دەروازە داراییەکاندا."
 
راوێژکارەکەی سوودانی هانی هاووڵاتییان دەدات مامەڵە بە هیچ جیاوازییەکی نرخەوە نەکەن و پەنا بۆ کەناڵە فەرمییەکان ببەن بۆ ئاگادارکردنەوە لە سەرپێچییەکان.
 
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممە (ئەمڕۆ)وە بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جۆری دۆلار لە بازاڕ جێبەجێ دەکرێ و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ 28٪ کەم دەکرێتەوە.
 
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر گوتی: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی بازاڕ، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی رێژەی نوێی دۆلاری شین و سپی لە کاتی گۆڕینەوەدا لە سبەی سێشەممەوە. سیستمەکە لە (50٪ شین و 50٪ سپی)ـەوە دەگۆڕێ بۆ (70٪ شین و 28٪ سپی و 2٪یش دۆلاری پەنجایی)."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە