رووداو دیجیتاڵ
تۆگ (TOGG) ئەو ئۆتۆمبیلەی تورکیا بەرهەمی هێناوە و هەناردەی وڵاتانی دەکات، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە ئەڵمانیا، تەنیا 113 دانەی لێ فرۆشراوە.
ئەو بێ بازاڕییەی ئۆتۆمبیلەکەی تورکیا لە میدیای ئەو وڵاتەدا بووەتە رۆژەڤ و بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان، بەراوردی فرۆشی تۆگ لەگەڵ ئۆتۆمبیلی وڵاتانی دیکەدا دەکەن.
کۆمپانیاکە ئەیلوولی 2025 لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلی میونشن دوو مۆدێلی خۆی بە کڕیارانی ئەورووپا ناساند، دوای ماوەیەکی کەم دەستی بە ناردنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئەڵمانیا کرد.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی فیدراڵیی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل (KBA)، تاوەکو ئێستا تەنیا 261 ئۆتۆمبێلی مارکەی تۆگ لە ئەڵمانیا کەوتوونەتە سەر شەقامەکان. لەو ژمارەیە 148یان لە دوو مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا تۆمارکراون و 113 دانەشیان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بووە.
لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تاوەکو نیسانی 2026دا، کە تۆگ تەنیا 113 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی مارکەکانی دیکە کە لەو وڵاتە تۆمارکراون، گەیشتووەتە 223 هەزار و 867 دانە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی مارکەی (تۆگ) کە لە تورکیا بەرهەم دەهێنرێن، تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا کەمترین بایەخیان پێدراوە.
فوئاد تۆسیاڵی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی تۆگ، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، بۆ ساڵی 2025 گرێبەستی فرۆشتنی 240 ئۆتۆمبێلیان لە ئەڵمانیا کردووە.
کاتێک تۆگ بۆ یەکەمجار لە ئەڵمانیا ناسێندرا، وا لێکدەدرایەوە کە رەوەندی تورکی لەو وڵاتە دەبنە هەلێکی باش بۆ کۆمپانیاکە. بەتایبەتی کە زیاتر لە 3 ملیۆن خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان لەو وڵات دەژین.
فرۆشی مارکە بیانییە کارەباییەکانی دیکەی نەوەی نوێ کە وەک رکابەری سەرەکیی تۆگ دادەنرێن، لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە.
بۆ نموونە، کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی کە کارگەیەکی لە ئەڵمانیا هەیە، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 15 هەزار و 978 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە.
هەروەها لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو نیسان، 13 هەزار و 825 ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای (BYD)ی چینی فرۆشراون.
لە ئەڵمانیا مۆدێلەکانی BYD بە تێکڕا بە 25 هەزار یۆرۆ دەفرۆشرێن، لە کاتێکدا هەرزانترین ئۆتۆمبێلی تێسلا نرخەکەی نزیکەی 37 هەزار یۆرۆیە.
حوزهیرانی 2018 پرۆتۆكۆڵی دامەزراندنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تورکیا لەنێوان حکومەتی تورکیا بەنوێنەرایەتیی گرووپی بهڵێندهرایهتیی پیشهسازیی بەرهەمی ئۆتۆمبێلهكانی توركیا TOGG و پێنج کۆمپانیای وەبەرهێنانی پیشەسازیی واژۆکرا. بهردی بناخهی دامهزراندنی كۆمپانیاكهش ئهیلوولی ههمان ساڵ دانرا.
دیزاینی ئۆتۆمبێلی Togg، لەلایەن كۆمپانیای پینینفارینا Pininfarinaی ئیتاڵییهوه کراوە، كه بهناوبانگترین كۆمپانیای دیزاینكاری ئۆتۆمبێله له جیهان و له ساڵی 1930 دامهزراوه. ئهم كۆمپانیایه هاوكات دیزاینی برانده بهناوبانگهكانی وهك ئۆتۆمبێلهكانی فێراری، لامبورگینی، فیات، ئالفا رۆمیۆ، لانسیا، ماسێراتی، كادیلاك، ڤۆلڤۆ و بیجۆ دەکات.
براندی ئۆتۆمبێلی TOGG بەرهەمێکی 100% کارەباییە و دروستکراوی تورکیایە و پێنج مۆدێلی هەیە بەناوەکانی:
Togg T10X C-segment SUV
Togg T10S C-segment Sedan
Togg T8CX C-segment Xcoupe
Togg T8X B-segment SUV
Togg 10V C-segment MPV
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ