نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزترین ئاستی تۆمار کرد

17-07-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە وەک رۆژی سێشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و یەک ئۆنسەی بە 2472 مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش گەیشتە بەرزترین ئاست، ئێستا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بریتیە لە 520 هەزار دینار.
 
رۆژی سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2420 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 2468 دۆلار، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە نرخی زێڕ درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی و بۆ ماوەیەک نزیکبووەوە لە 2480 دۆلار و ئێستاش لە سەرووی 2470 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لێدوانەکانی رۆژی دووشەممەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لە پەیمانگەی ئابووری  واشنتن کە رایگەیاندبوو، چاوەڕێی ئەوە ناکەن تاوەکو هەڵاوسان دابەزێت بۆ 2٪ و زووتر رێژەی سوودی بانکی کەمدەکەنەوە، بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
 
بەپێی راپرسییەکان، بازرگانان ئێستا دەرفەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بە 100٪ دەزانن و ئەوەش هاندەری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
دانییەل هاینێس، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە بانکی ئوسترالی نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئێستا زیاتر لە هەموو کات دڵنیایە کە هەڵاوسان کۆنترۆڵ دەکەن". ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "داتا ئابوورییەکانی هەفتەی یەکەمی ئەم مانگە سەبارەت بە بازاڕی کار و گەشەی ئابووری ئەمریکا هێمای زۆریان تێدایە کە هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرەوە خاوبوونەوە دەڕوات".
 
تەشەنەسەندنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لەلایەکی دیکەوە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی زیاتر بۆ نرخی زێڕ.
 
بوونی مەترسی لە بازاڕەکاندا خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەر و بازرگانان زیاد دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە