رووداو دیجیتاڵ
خەرجیی عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 27 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتەکەی 25.2 تریلیۆن دینار بووە، واتە زیاتر لە 1.8 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە. 80%ی خەرجییەکانی ئەو ماوەیە بۆ مووچە بووە و زیاتر لە 3.1 تریلیۆن دینار وەک خەرجی لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە. بەراورد بە هەمان ماوەی پار، خەرجیی عێراق 1.1 تریلیۆن دینار و داهاتیش دوو تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی خەرجی و داهاتی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە کە کانوونی دووەم، شوبات و ئادار لەخۆدەگرێ.
خەرجى 27 تریلیۆن دینارى تێپەڕاند
خەرجیی عێراق لەو سێ مانگەدا 27 تریلیۆن و 72 ملیار و 66 ملیۆن دینار بووە. 25.9 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی رەوان بووە کە خەرجیی بەکارخستن بەشێکە لێى و 95.5%ى خەرجییەکانى پێکهێناوە، لەکاتێکدا خەرجیی وەبەرهێنان لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 1.1 تریلیۆن دینار بووە کە 4.5% ى تێکڕاى خەرجییەکانە.
لەو ماوەیەدا 21.8 تریلیۆن دیناری خەرجی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە کە 80.7%ی خەرجییەکانی بردووە.
زۆرترین خەرجی لە پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بووە کە 6.1 تریلیۆن دینار بووە. خەرجییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ریزبەندی دووەم بووە بە 3.3 تریلیۆن دینار. وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی سێیەمە بە خەرجکردنی 2.7 تریلیۆن دینار.
خەرجیی هەرێمی کوردستان بە 3.1 تریلۆن دینار هەژمارکراوە کە زۆرینەی پارەی مووچە بووە.
بەراورد بە چارەکی یەکەمی پار، ئەم ساڵ خەرجییەکانی عێراق 1.1 تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
داهاتى نەوتى 3.5 تریلیۆن دینار کەمی کردووە
داهاتى عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 25.2 تریلیۆن دینار بووە، کە 21.2 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتى بووە و داهاتی نانەوتی چوار تریلیۆن و 36 ملیار دینار بووە.
داهاتی نانەوتیی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادار بە 43 ملیار و 94 ملیۆن و 141 هەزار دینار هەژمار کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، کورتهێنان لەنێوان قەبارەی خەرجی و داهات لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 1.8 تریلیۆن دینار بووە کە دەکاتە 6.6%ى تێکراى خەرجییەکان.
داهاتی چارەیەکى یەکەمى ئەم ساڵى عێراق بەراورد بە هەمان ماوەى پار، دوو تریلیۆن دینار کەمیکردووە، لەکاتێکدا داهاتی نەوتى 3.5 تریلیۆن دینار کەمی کردووە، بەڵام داهاتی نانەوتی لە 2.5 تریلیۆن دینارەوە زیادبووە بۆ چوار تریلیۆن دینار و ئەو جیاوازییەش پارسەنگى کەمبوونەوەى داهاتى بۆ دوو تریلیۆن دینار گۆڕیوە..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ