رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی پێنج بە سیستمی پەیڕۆڵ تەواو بووە و فەرمانبەران دەتوانن وردەکارییەکەی ببینن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ بەغدا بنێردرێت".
رۆژی دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لیستی مووچەی مانگی پێنج بە سیستمی پەیڕۆڵ تەواو بووە و فەرمانبەران دەتوانن بۆ بەرچاوڕوونی، وردەکاریی ژمێریاریی مووچەکانیان لە "KRDPASS" ببینن.
لەبارەی تەمویل و دابینکردنی پارەی مووچەکە، هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان دەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە لیستی مووچەدا بەردەوامە و لە قۆناخی کۆتایی دایە، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ بەغدا بنێردێت".
لەبارەی شێوازی گەیاندنی لیستەکە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیارە لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوە لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەوە ببرێتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 12ـی ئەم مانگە خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی راگەیاند. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە رۆژی 13-5-2026 دەستپیپێکرد لە رۆژی 16-5-2026 کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ