رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەشێکی پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک دابەش بکرێت، بەڵام دیار نییە کەی لە سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەکرێت. نوێنەرێکیان دەڵێت، سبەی لە هەولێر دەچنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و داواکانیان دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی قسەی کردووە و بڕیارە سبەی یەکشەممە شایستەی دارایی وانەبێژان بۆ مانگی ئەیلوول لە پەروەردەکانی دەشتی هەولێر، ئاکرێ، بەردەڕەش، رواندز، چۆمان، سۆران، شێخان و مەخموور دابەش بکرێت.
لەبارەی پەروەردەکانی دیکەوە، عەلی رەئووف گوتی، دوای دابەشکردنی ئەو پەروەردانەی ناویان ئاشکرا بووە مووچەی ناوچەکانی دیکەش لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە دابەش دەکرێت. لەبارەی مووچەی وانەبێژانی سلێمانی و هەڵەبجەشەوە گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی وانەبێژانی ئەو سنوورانە، بەڵام لە هەوڵداین دابەشکردنی مووچە لەوێش دەستپێبکات".
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەکرد، سبەی لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن؛ گوتیشی، "تەنیا داواکارییمان مافی خۆمانە کە دامەزراندنمانە بە شێوەی هەمیشەیی".
لە دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی 2023-2024ەوە لە 13ـی ئەیلوول، لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، وانەبێژان لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراودا بایکۆتیان راگەیاندووە و دەوام ناکەن. وانەبێژان داوای دامەزراندن و دامەزراوانیش داوای دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەکان.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 543 کەسە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ