رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکەی، شارەزایان لە داهاتوو و مەبەستی پشت دراوی ترەمپ دڵنیا نین و هۆشداریی دەدەن. دوو تێبینیی سەرەکی لەسەر دراوەکە هەن.
دراوەکە دوێنێ شەممە دروستکراوە؛ هەر زووش سەکۆ (ئێکسچەینجە) گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان وەریانگرت و مامەڵەکردن پێوەی بە فەرمی دەستیپێکرد (لیستکرا).
نرخی دەستپێکی مامەڵەکان 7 دۆلار بوو. دوای نیوەڕۆ گەیشتە 75.90 دۆلار کە بەرزترین ئاستی بووە تاوەکو ئێستا. واتە ئەگەر کەسێک سەرەتا بە بەهای 100 دۆلاری کڕیبێت و لە بەرزترین نرخدا فرۆشتبێتی، پارەکەی بووەتە هەزار و 84 دۆلار. هەزار دۆلاریش بووایە دەبووە 10 هەزار و 842 دۆلار.
بەڵام ئێوارە بەرزبوونەوەکەی کەمێک خاوبووەوە و بە 59 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دراوەکەی ترەمپ جۆری "میم کۆین"ـە؛ واتە دراوێک کە لەسەر بنەمای ناوی کەسێک دامەزراوە، یان هەرشتێک ناودەنرێت و دروستدەکرێت. دراوێک کە هیچ پڕۆژە و ئامانجێکی ئەوتۆ لە دروستکردنیدا نییە، بەڵکو تەنیا لەسەر ناوی کەسایەتییەکی بەناوبانگ دروست دەکرێت.
دراوی دیجیتاڵیی ترەمپ لەلایەن کۆمپانیای (سی ئای سی دیجیتاڵ)ـەوە دامەزراوە، کە نزیکەی لە رێکخراوەکانی ترەمپ.
تاوەکو ئێستاش 80٪ـی خاوەندارێتیی دراوەکە لای کۆمپانیاکەیە. 200 ملیۆن دراوی ترەمپ خراوەتە بازاڕەوە؛ کۆمپانیاکە دەڵێت، لە سێ ساڵی داهاتوودا 800 ملیۆنی دیکە دەخەنە بازاڕەوە و دەیگەیێننە ملیۆنێک.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکەی، قەبارەی بازاڕەکەشی گەیشتە 14 ملیار دۆلار، بەڵام دواتر بۆ نزیکەی 11 ملیار دۆلار دابەزی.
هەرچەندە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دراوەکە هەیە، بەڵام زۆرێک لە شارەزایان بە دراوێکی دروست و شیاوی وەبەرهێنان نایبینن.
هاروون عەبدوڵڵا، شارەزای دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ رووداو دەڵێت، جۆری دراوەکە کە "میم کۆین"ـە و، خاوەندارێتیکردنی زۆرینەی لە لایەن یەک دامەزراوەوە، وادەکات دراوەکە داهاتووی نەبێت، بەڵکو هۆکاری گەورەکردنەکەی تەنیا پۆستی ترەمپە لەسەری لە ئێکس. ئەو دەڵێت، دوور نییە و کۆمپانیاکە دەتوانێت تەواوی دراوەکان بفرۆشێت، ئەوەش وادەکات ئەگەری زیانی زۆری هەبێت.
لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەیەوە هارون عەبدوڵڵا دەڵێت، ئامانجی بەرزبوونەوەی دراوەکە کراوەیە، بەڵام زەحمەتە بگاتە 200 دۆلار، بەڵام نموونەی دراوی لەم جۆرە هەن کە پێشتر نرخەکانیان بەرزبووەتەوە، بەڵام دواتر دابەزیون.
هۆکاری بەرزبوونەوەکەش زیاتر ئەو کەسانەن کە لەپشت دروستکردنیەوەن، چونکە ئاراستەی بەرزبوونەوەکەی زۆر بەهێزە، ئەوەش واتە تەنیا وەبەرهێنەرانی ئاسایی نین کە دەیکڕن.
کاروان فەتحی، شارەزای بازاڕە داراییەکان و دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ رووداو دەڵێت، کڕین و وەبەرهێنان لەو دراوە و هاوشێوەکانی "مەترسییەکی زۆر زۆر گەورەیە"، بەڵام بۆ وەبەرهێنان دروست نییە و تەنیا بۆ پارە کۆکردنەوەیە و بۆ قازانجی خەڵک نییە. گوتیشی، مەگەر کەسێک سەرەتا کڕیبیێتی و ئەویش "بە چانس"، ئەگەرنا، هەر دراوێک قازانجی لەو جۆرە بهێنێت، ئاسایی نییە.
ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات، ئەوەشی ئێستا دەکرێت لە خستنەڕووی ئەو دراوانە و بەرزکردنەوەی لەم شێوەیەی نرخەکەی، زیان بە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان دەگەیێنێت، چونکە متمانە پێی لاواز دەکات.
جگە لەوەش، ئەگەر هەیە کەسە نزیکەکان لە نرخێکی بەرزدا بیفرۆشنەوە و بازاڕ دابەزێت، ئەمە دەبێتە هۆی زەرەرێکی زۆر. جگە لەوانەی لە نرخێکی بەرزدا کڕیویانەتەوە.
تێبینییەکی دیکە ئەوەیە "خەڵکێکی زۆر دەهێنێتە نێو بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان هەبێت.
گوتیشی، ئەگەر هەیە زیاتر نرخەکەی بەرزببێتەوە، تەنانەت دابەزینێکیش بکات و پاشان زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام لە ئاستێکدا دەست بە دابەزینێکی گەورە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ