رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو شاری بەغدا بەڕێکەوت.
ئامانج لەسەردانەکە، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 و "چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
گوتیشی، "ئامانجی سەردانەکە، تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، مووچەی کانوونی یەکەمی 2024 و پرسە ئابوورییەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە".
حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەى سەرجەم مانگەکانی ناردووە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "بڕیار بوو شاندەکە 16-1-2025 سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا".
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ