رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 93 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4690 دۆلار. دواتر کەمێک بۆ خوار ئەو ئاستە و بۆ دەوروبەری 4670 دۆلار دابەزی.
بەرزبوونەوەکە دوای ئەوە دێت رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگیی نوێ بەسەر 8 وڵاتی ئەورووپیدا دەسەپێنێت، کە دژی پلانی واشنتن بوون بۆ کڕینی گرینلاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە لە 1ـی شوباتی داهاتووەوە پێناسی گومرگیی 10% دەخرێتە سەر کاڵاکانی ئەو وڵاتانە و ئەگەر رێکنەکەون، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پێناسەکە بۆ 25% زیاد دەکرێت.
ئەو وڵاتانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە: فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی باکووری ئەورووپا. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی تووندی بەرپرسانی ئەورووپای لێکەوتووەتەوە و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانی گەورەی لە نێوان هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی دروستکردووە؛ ئەمەش وای لە وەبەرهێنەران کردووە زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان هەڵبژێرن.
جگە لە هەڕەشەکانی ترەمپ، چەند هۆکارێکی پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن؛ لەوانەش ئەگەری بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا بۆ ئەم ساڵ، بەتایبەتی دوای کەمبوونەوەی هەڵاوسان.
بەردەوامیی خۆپێشاندانەکانی ئێران، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئاڵۆزییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا بەردەوام بن، نرخی زێڕ لەمساڵدا ئاستی مێژووی دیکە تۆمار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ