رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشە دوو رۆژییەکەی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سنووری قەڵەمڕەوی هێزەکانی سووریا دیموکرات، چەند بیرە نەوتێک لە دێرەزوور، رەققە و حەسەکە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق.
دوای گرتنی کێڵگەکانی نەوت، لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئاڵای سووریا تێیاندا هەڵکرا.
کێڵگە و بیرە نەوتەکان ئەمانەن:
کێڵگەی عومەر
بە گەورەترین کێڵگە دادەنرێت لە رووی رووبەر و بەرهەمهێنانەوە و لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات هەڵکەوتووە. پێش ساڵی 2011 رۆژانە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئێستا بەرهەمەکەی لە 20 هەزار بەرمیل تێپەڕ ناکات.
کێڵگەی سەفیان
دەکەوێتە گوندەواری باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای رەققە و بە یەکێک لە کێڵگە مامناوەندەکان لەڕووی بەرهەمهێنانەوە دادەنرێت.
کێڵگەکانی رومێلان
1322 بیری نەوت و 25 بیری غازی لە کێڵگەکانی "سوێدییە"ی دەوروبەری لەخۆدەگرێت. پێشتر بەرهەمهێنانی رۆژانەی دەگەیشتە 90 هەزار بەرمیل، بەڵام ئێستا بۆ نۆ هەزار بەرمیل کەمی کردووە.
کێڵگەکانی جەبسە
دەکەونە پارێزگای حەسەکە. پێشتر بەرهەمهێنانی رۆژانەی 2500 بەرمیل بووە و ئێستا بۆ 2000 بەرمیل دابەزیوە، هەروەها کارگەی غازەکەشی وەستاوە.
کۆمەڵگەی نەوتیی سەورە
دەکەوێتە گوندەواری باشووری رۆژئاوای رەققە؛ بە ناوەندێکی گرنگی کارگێڕی و لۆجستی لەنێوان کێڵگە پەرتەوازەکانی ناوچەی "بادیا" دادەنرێت.
کێڵگەی وادی عوبێد
یەکێکە لە سەرچاوە و دابینکەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نەوتیی سەورە.
وێستگەی ئەلعوکێرشی
بۆ جیاکردنەوەی سەرەتایی نەوت، پێش دابەشکردن یان قۆناخەکانی دیکەی چارەسەرکردن و پاڵاوتن بەکاردێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ