نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆ گەیشتە بەرزترین ئاست

19-02-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ یەکەم جار لە مێژووی بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست؛ یەک مسقاڵی عەیار 21 بە 625 هەزار دینارە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕە.
 
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24=715,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=655,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=625,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=535,000
 
ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 2 هەزار و 945 دۆلار کە ئەویش بەرزترین بەرزترین ئاستی مێژووە. لە دوێنێشەوە نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە لە 6ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 400 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ لە سەپاندنی گومرگ بەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی بەشێک لە وڵاتان و هەڕەشەی سەپاندنی بەسەر بەشێکی دیکەیان، ناسەقامگیریی بازرگانیی دروستکردووە و بە قازانجی زێڕ شکاوەتەوە.
 
دوێنێش بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێشبینییەکانی بۆ نرخی زێڕ بەرزکردەوە.
 
بانکەکە پێشتر رایگەیاندبوو کە لە کۆتایی ئەم ساڵدا ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 2 هەزار و 890 دۆلار، بەڵام دوێنێ رایگەیاند، ئێستا پێشبینی دەکەن کۆتایی ئەم ساڵ بگاتە 3 هەزار و 100 دۆلار.
 
بانکەکە دەشڵێت، لە ئەگەری هەر هەڵکشانێکی گرژییە جیۆسیاسییەکان، ئەگەر هەیە نرخی زێڕ بگاتە 3 هەزار و 300 دۆلاریش.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە