یەک ئۆنسە زێڕ بە زیاتر لە 3220 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

19-05-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە بەرزبووەوە و یەک ئۆنسەی بە زیاتر لە 3220 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانی لە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
رۆژی دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.7٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3223 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 3228 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی هەینیی رابردوو، نرخی زێڕ 2٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا و خراپترین هەفتەی لە مانگی 11ــی ساڵی رابردووەوە بەڕێکرد. 
هۆکارەکەشی کەمبوونەوەی نیگەرانیی بازرگانان بوو لە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا.
 
بەڵام سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ باسی لە پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ کردووەتەوە و لایەنگری خۆی بۆ پێناسەکان دەڕبڕیوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
لەلایەکی دیکەوە پێنوێنی دۆلار ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.3٪ دابەزیوە و ئەوەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی کانزای زەرد دروستکردووە.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە دەڵێت: "دابەزاندنی پلەی قەرزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئاژانسی موودیزەوە، هەروەها سەرهەڵدانەوەی بابەتی پێناسە گومرکییەکان، نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە