گەنمى ئەم ساڵى عێراق 6 ملیۆن تۆنە و چوار تریلیۆن دینارى دەوێت

19-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕى بەرهەمی گەنمى پێشبینیکراوی ئەم ساڵى عێراق 6 ملیۆن تۆنە و نزیکەى 5 تریلیۆن دینارى دیکە دەخاتە ئەستۆى وەزارەتى دارایی و ئەگەری کورتهێنانی ئاردیش هەیە. 30%ى زەوییەکانى چێندراو بە گەنم لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵییە و تەنیا 40%ى تێکڕاى زەویى بە گەنم چێندراو بە ئاوپرژێن کراون، هەرچەندە بەهۆى کەمبارانییەوە 62%ى زەویى بەکارهێندراوى پار بۆ چاندنى گەنم تەرخان کرا.
 
تاوەکو 18ى ئایار و بەگوێرەى ئامارى فەرمیى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، بڕى گەنمى وەرگیراوى ئەم ساڵ گەیشتووەتە 1.3 ملیۆن تۆن. ئەم ساڵ نزیکەى 5.2 ملیۆن دۆنم زەوى لە عێراق و هەرێمى کوردستان خراونەتە ناو پلانى کشتوکاڵییەوە بۆ چاندنى گەنم.
 
وەلید گڕێتى، سەرۆکى یەکێتیى سەندیکاى جووتیارانى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى "رووداوى عێراق" گوتى، "زەویى چێندراو بە گەنم، بەوانەوە کە لەناو پلان و دەرەوەى پلانن، دەگاتە 6 ملیۆن دۆنم، پێشبینى دەکرێت بەرهەمى گەنم بگاتە 7 ملیۆن تۆن."
 
زەویى ناو پلان ئەوانەن کە بە ئاوپرژێن ئاو دەدرێن و جووتیارەکەى بەڵگەنامەى فەرمیى خاوەندارێتیى هەیە، ئەوانەى دەرەوەى پلان ئەو زەوییانەن کە گرێبەستى کشتوکاڵییان نوێ نەکراوەتەوە و شێوازى ئاودانەکەشى کۆنە، کە دەبێتە هۆى بەفیڕۆدانى ئاو.
 
گڕێتى ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو زەوییانەى لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵین، لەنێوان 20% بۆ 30%ى زەویى چێندراون بە گەنم."
 
نرخى وەرگرتنى گەنمى ئەم ساڵ بەگوێرەى شێوازى ئاودانەکەى دەگۆڕێت، ئەوەش بۆ رێگرى لە بەفیڕۆدانى ئاو، بەتایبەت کە ئەم ساڵ عێراق کێشەى کەم بارانیى هەیە.
 
ئەو گەنمەى بە شێوازى پێشکەوتوو ئاودرابێت، تۆنى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت؛ ئەگەر دێمى بێت یان پشت بە راکێشانى ئاوى رووبار ببەستێت و لەناو پلانى کشتوکاڵى بێت، تۆنێکى بە 800 هەزار دینار لە جووتیار وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەى ئامارى فەرمیى دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراق، ساڵى 2024، پێنج ملیۆن و 234 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهێندراوە، 23.2%ى لە گەنمى ساڵى 2023 زیاتر بووە کە چوار ملیۆن و 248 هەزار تۆن بووە.
 
نەینەوا بە بەرهەمهێنانى یەک ملیۆن و 394 هەزار تۆن لە ریزبەندیى یەکەم بووە کە 26.6%ى تێکڕاى ئەو گەنمە بووە 2024 بەرهەمهێندراوە، سەلاحەدین دووەم بووە کە 854 هەزار تۆن گەنمى بەرهەمهێناوە و 16.3%ى تێکڕاى گەنمى پار بووە.
 
پار، چوار ملیۆن و 195 هەزار تۆنى گەنم لەو زەوییانە بەرهەمهێندراون کە بەراون، یەک ملیۆن و 39 هەزار تۆنى دێمى بوون و پشتیان بە باران بەستووە.
 
سەرۆکى یەکێتیی سەندیکاى جووتیارانى عێراق گوتى، "هەر پارێزگایەک تایبەتمەندیى خۆى هەیە، ئەنبار و نەینەوا بەهۆى زۆریى زەوییەکانیان و ئاوى بیر، بە شێوەى ئاوپرژێن ئاو دەدرێن، بەڵام پارێزگاکانى دیکەى وەکو واست پشت بە شێوازى کۆنى ئاودان دەبەستێت، بەگشتى لەسەر ئاستى عێراق جووتیاران بۆ چاندنى گەنم 40% پشت بە ئاوپرژێن دەبەستن."
 
هەر هاووڵاتییەکى عێراق پشکى لە بەشە خۆراکى مانگانە 9 کیلۆ ئاردە، کە لەو گەنمە دابین دەکرێت لە ناوخۆ وەردەگیرێت، لە هەر تۆنێک گەنم، 800 کیلۆ ئارد بەرهەم دەهێندرێت، بەو پێیە 46 ملیۆن هاووڵاتیى عێراق لە ساڵێکدا پێویستیان بە چوار ملیۆن و 968 هەزار تۆن ئاردە کە بەرامبەر بە شەش ملیۆن و 210 هەزار تۆن گەنمە.
 
بەگوێرەى پێشبینی لایەنە پەیوەندارەکانى عێراق، ئەم ساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێندرێت، کە ئەگەر بڕى پارەى پلە دووەکەى گەنم هەژمار بکرێت کە 800 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک، پێویستى بە چوار تریلیۆن و 800 ملیار دینار دەبێت کە پێویستە وەزارەتى دارایی دابینى بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.