کێڵگەی گازی میران لە سنووری پارێزگای سلێمانی پەرەی پێدەدرێ

19-05-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن بە مەبەستی پەرەدان بە کێڵگەی گازی میران. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لە ماڵپەڕی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا وەک راگەیێندراوی کۆتایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی و گرووپی ئینێکس ناوی هێندراوە، رێککەوتنەکە بە مەبەستی پەرەدان بە کێڵگەی گازی میران لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: " کێڵگەی گازی میران دەتوانێت یەدەگێکی خەمڵێندراوی 8 تریلیۆن پێ سێجای ستانداردی گازی سرووشتیی شیاوی دەرهێنانی هەبێت. ئەم رێککەوتنە رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی قۆناخ بە قۆناخی کێڵگەکە، لەگەڵ ئەگەری بەدەستهێنانی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بەهای درێژخایەن". 
 
دەقی راگەیێندراوەکە
 
وەبەرهێنەری ئەمریکی HKN ئینێرجی و گرووپی ئۆنێکس، (میران ئینێرجی) بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی گازی گەورە لە کوردستان دادەمەزرێنن
.
کۆمپانیای HKN ئینێرجی و گرووپی ئۆنێکس شانازی دەکەن بە راگەیاندنی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی مەرجی پابەندکەر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی میران لە رێگەی پڕۆژە هاوبەشە تازە پێکهێنراوەکەیان کە میران ئینێرجییە.
 
کێڵگەی گازی میران دەتوانێت یەدەگێکی خەمڵێندراوی 8 تریلیۆن پێ سێجای ستانداردی گازی سرووشتیی شیاوی دەرهێنانی هەبێت. ئەم رێککەوتنامەیە رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی قۆناخ بە قۆناخی کێڵگەکە، لەگەڵ ئەگەری بەدەستهێنانی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بەهای درێژخایەن.
 
رەسل فریمەن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری HKN ئینێرجی دەڵێت: "ئەم رێککەوتنامەیە وەرچەرخانێکی گرنگە نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیاکانمان، بەڵکو بۆ داهاتووی وزەی هەرێمی کوردستانیش. ئێمە لە رێگەی میران ئینێرجییەوە هێزی HKN و ئۆنێکس بۆ پەرەپێدانی بەرپرسانەی یەکێک لە ستراتیژیترین سەرچاوەکانی گازی هەرێمی کوردستان تێکەڵ دەکەین."
 
پەرەپێدانەکە بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، بەرهەمهێنانی گازیش پلانی بۆ دانراوە بۆ دابینکردنی نێوخۆیی، پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی وزەی هەرێمی و گەشەی ئابووری درێژخایەن و داواکاریی ئەگەریی ناوچە فراوانەکە. یەدەگە گەورەکانی میران کلیلی بەشداریکردن دەبن لە ئاسایشی وزەی درێژخایەنی هەرێمەکە. ئەم دەستپێشخەرییە جەخت لەسەر هاوکاریی بەهێزی نێوان وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی توانای وزەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە