رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، تەنیا لە کەرتی حکومەتدا بایی زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار، مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لە رێگەی خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنییەوە کراوە.
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەکردن بە پارەی کاش هەبووە. ئەم سیستمەش لە 140 وڵاتی جیهاندا پەیڕەو دەکرێت."
بە گوتەی گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، "لە سەرەتای دەستپێکردنی خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنییەوە، زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لە رێگەی ئەو خزمەتگوزارییەوە کراوە. چاوەڕوان دەکەین بڕی مامەڵەکردن لەم ساڵدا نزیکەی 40% زیاد بکات، بۆ ئەو مەبەستەش 35 کۆمپانیای دیکەی بیانی بۆ خزمەتگوزارییەکە زیاد کراون."
لەبارەی کاراکردنی خزمەتگوزارییەکەوە لە هەرێمی کوردستان، حەیدەر مەجید گوتی، "بەو پێیەی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکەدا بکات، دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش خزمەتگوزارییەکە دەستپێبکرێت."
ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بەنزینخانەکانی عێراق، فەرمانگە حکومییەکان، بنکە تەندروستییەکان و چەندین ناوەندی حکومی و ناحکومی هەن و هاووڵاتییان کار بە سیستمی پارەدانە ئەلیکترۆنییەکە دەکەن، حەیدەر مەجید دەڵێت، "ئەم ساڵیش بازنەی کارپێکردنی فراوانتر دەکەین و دەمانەوێت سەرجەم دامەزراوە و شوێنە بازرگانییەکان بگرێتەوە."
1ی حوزەیرانى 2023 بانکى ناوەندیى عێراق دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، ئامانج لەو بڕیارەی بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانیدا.
17ی کانوونى دووەمى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە 1ـی حوزەیرانەوە بە فەرمى دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى، تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ