رووداو دیجیتاڵ
شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر، بڕیاریشە ئەمشەو شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق بێنە هەولێر و لە سبەیەوە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی داواکار و تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025. هەفتەی داهاتوو شاندەکەی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بەغدا.
دووشەممە 20-01-2025 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نزیکەی 4 کاژێر لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و دوو کاژێریش لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، کە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر دوو تەوەری سەرەکی بوون: "یەکەم: مووچەی مانگی 12. دووەم: تەواوی مووچە و شایستەکانی ساڵی (2025) هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان."
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12، بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و دەکەوێتە سەر ئەنجامی سەردانی هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەوکات بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و یەکلادەبێتەوە.
شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کە مانگانە 50%ی داهاتی نانەوتی (گومرگ و باج) کە نزیکەی 80 ملیار دینارە، رادەست بکەن. لە بەرامبەردا، بەغدا مووچەی تەواوی 12 مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دابین و بنێرێت، کە نزیکەی 12 تریلیۆن دینارە.
سۆران عومەر دەڵێت: "سبەی هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی پەرلەماندایە. شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە، ئەگەر هەموارەکە پەسندکرا، هەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتەکەش رادەست بکات، بەڵام دەبێت تەواوی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خانەنشینی هەرسێ تەمەنەکە کە بەم دواییانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەوە داوە، بەو مەرجەی بڕیارەکە لە 01-01-2025 بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
جگە لەوەش، "دەبێت 12 مووچەیان وەک پاداشت بۆ دابین بکرێت، نەک 6 مووچە کە هەرێمی کوردستان دەیدات." هەروەها یاسای خانەنشینی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و لەنێو یاسای بودجە و خشتەکانیدا جێگەی بکرێتەوە و پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.
سبەی شاندی وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن بۆ "ئامادەکردنی تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە شایستەکان، مووچە، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی، سێ یەکەمەکان و داواکارییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت."
سۆران عومەر باس لەوە دەکات، "بڕیارە شاندی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکاتەوە. هەموو ئەو پێویستی و بڕیارانەی کە شاندی هاوبەش ئامادەی دەکەن، بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بەرزی بکەنەوە، بۆ ئەوەی پەسندبکرێن و لەنێو خشتەکانی بودجە جێگەیان بکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ