بانکی ناوەندیی عێراق ناوی ئەو 14 بانکەی بڵاوکردەوە کە ئەمریکا مامەڵەی دۆلاری لێ قەدەخە کردوون

20-07-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق قەدەخەکردنی مامەڵەی بە دۆلار لە 14 بانکەکە جێبەجێکرد. بانکی ناوەندیی عێراق ناوی ئەو 14 بانکەشی بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەخە کراوە، یەکێکیان بانکی هەولێرە بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن.
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی گشتاندنی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراو و دامەزراوە دارایییە نابانکییەکان کردووە؛ تێیدا دەڵێت، بڕیاردراوە ئەو بانکانەی ناویان لە خوارەوە هاتووە، نابێت لە رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023وە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. قەدەخەکردنی مامەڵەی ئەو بانکە عێراقییانەش بە دۆلار بەهۆی وردبینی بووە لە حەواڵەی بانکیی بانکەکانی ساڵی رابردوو.
 
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو بانکانەی کە مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ قەدەخە کراوە، بەوپەڕی ئازادییەوە دەتوانن مامەڵە بە دینار بکەن و لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سیستمی بانکیی عێراقی سوودمەندن، لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەتوانن مامەڵە بە دراوی دیکە بکەن، جگە لە دۆلار.
 
بانکەکان بریتین لە:
 
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی  ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی جیهانی ئیسلامی (العالم الاسلامی) بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون، کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە."
 
بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە: "مەترسیی سەرەکی لە سزاکان لە عێراق بەدڵنیاییەوە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە."
 
بەپێی بەشێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی عێراق و ئەمریکا ژمارەیەک لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە رێگەی مامەڵەی فێڵبازانە  و هەندێک پلانەوە قازانجی زۆریان لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە کردووە. بەتایبەت ئەو بانک و کۆمپانیایانە دەتوانن ئەو دۆلارەی بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دەکڕن دووبارە بیفرۆشنەوە، ئەوەش وادەکات بەهاکەی لە بازاڕدا بەرزبێت، وەکو رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە