رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە کەمتر لە 66 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئاب، 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە وتووێژ و هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە ئۆکراینا لەنێوان وڵاتانی ئەورووپی، ئەمریکا و ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام بازرگانانی نەوت پێیانوایە، ئاگربەستی ئۆکراینا هێندە زوو روونادات، لەبەر ئەوەش بەو خێراییە سزاکانی رۆژئاوا لەسەر نەوتی رووسیا لانادرێن.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئۆکرایناش دژبەیەکی تێدایە.
رۆژی سێشەممە 19ی ئاب ترەمپ رایگەیاند، "رەنگە پووتین ئامادە نەبێت بۆئەوەی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ رێکبکەوێت."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەگەری هەیە ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکراینا دەست بە پاڵپشتیی ئاسمانی لە هێزەکانی ئۆکراینا بکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 18ی ئاب، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هەوڵی کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی دەدات.
ئەمانە هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئاگربەستی ئۆکراینا هێندە بە خێرایی روونەدات.
دانیەل هاینێس، بەرپرسی بازرگانیی کانزاکان لە بانکی ئوسترالی نیوزیلاندی - ANZ، لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەری کەمە چارەسەرێکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا بدۆزرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ