رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی رادەستی بەغدا بکرێت و مووچەی مانگی حوزەیران بنێردرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''زۆر جار بە ئەنقەست گرفت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.''
رۆژی چوارشەممە، 20-08-2025، بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''بڕیاری ئەمجارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچە شتێکی نوێی تێدا نییە و هەر درێژەی بڕیارەکانی پێشوون''.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە مەرج، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی دا. بڕیار رەشید گوتی: ''بڕیارەکە هەر زارەکی بووە و تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە دەست لایەنە پەیوەندیدارەکان، واتا گشتاندنی بۆ نەکراوە.''
بە گوێرەی دەقی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دوای رەچاوکردنی چەند خاڵێک، بە شێوەی بنچینەیی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 درا، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ مانگی حوزەیران.
یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە ئەو لیژنانەی پێکهێندراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەک لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە بەرزبکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ''بە ئەنجام گەیشتنی لیژنەکان لە ماوەیەکی کەمدا ئاسان نییە.''
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچە و نەوت لە بەغدایە. بڕیار رەشید گوتی، ''لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر داهاتی نانەوتی گەنگەشە کراوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و دووبارە تێڕوانینی جیاواز لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەیە''.
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت، پێویستە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی و رۆژانە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی نەوتیی هەرێمی کوردستان جیا لە 50 هەزار بەرمیل پێداویستیی نێوخۆیی رادەستی بەغدا بکات.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستا بابەتی رادەستکردنی بڕی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆییەکە بە تەواوی جێگیر نەکراوە، ''بەڵام بڕیارە ئەم مانگەش هەر بەوشێوەیە بنێردرێت، بۆ مانگەکانی داهاتووش هەوڵێک هەیە کە بۆ دیاریکردنی بڕی داهاتەکە، پشت بە داتای راستەقینە ببەسترێت.''
لەکاتێکدا 20 رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. بڕیار رەشید جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکە بنێرێت، بۆ ئەوەی بەغداش مووچەی مانگی حوزەیران خەرج بکات.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، تاوەکو هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بەردەوام بن، ''دواتر ئەنجامەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو 120ملیار دینارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵی و لە بەرامبەردا ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، مووچە خەرج بکرێت.''
بڕیار رەشید پێیوایە هەر رێککەوتنێکی لەو شێوەیە لەسەر مووچە بکرێت، ''هەموو چارەسەری کاتین و تەنیا پەیوەندییان بە مانگی شەشەوە هەیە، بۆ مانگەکانی دیکە دووبارە گفتوگۆ پێویستە، بۆ ساڵی داهاتووش یاسای بودجەمان دەبێت''.
لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''هەر جارە گرفتێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دروست دەکرێت کە بەشێکی زۆریان بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە ئەنقەستن.''
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی بڕیارەکەی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران کە رەچاوکردنی بۆ ناردنی مووچە بە پێویست زانراوە، ئەوەی کە ''حکومەتی هەرێم کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (550)ی ساڵی 2025.''
بەگوتەی بڕیار رەشید، بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، دەبێت چوار لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت و تورکیا لەسەر میکانیزمێک رێکبکەون، ''ئەگەر هەر یەکە لەم لایەنانە گرفتێکی بچووک دروست بکات، کۆی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تووشی گرفت دەبێت.''
سکاڵاکەی حکومەتى عێراق لە دادگەى نێودەوڵەتیى نێوبژیوانى پاریس دژى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بوو بۆ ئەو نەوتەى لە نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2018 لە رێگەى تورکیاوە هەناردەکراوە. بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس ئەوە بوو کە دەبێت تورکیا نزیکەى یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێبژاردن بداتە عێراق.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە ئەوەیە کە پێبژاردنەکە نەداتە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ