راپۆرتێک: 1%ی خەڵک خاوەنی 45%ی سامانی جیهانن

21-01-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی ئۆکسفامی بەریتانی بڵاویکردەوە، 1%ی دانیشتووانی زەوی خاوەنی 45%ی سامانی جیهانن، لە کاتێکدا 44%ی دانیشتووان رۆژانە یەکی کەمتر لە 6.85 دۆلاریان دەستدەکەوێت. رێکخراوەکە دەشڵێت، لە سییەکانی ئەم سەدەیەدا جیهان سەردەمی ملیاردێرەکان تێدەپەڕێنێت و تریلیۆنەر دروست دەبن.
 
فیدراسیۆنی ئۆکسفامی بەریتانی، کە زیاتر لە 21 رێکخراو تێیدا ئەندامن، دوایین راپۆرتی سەبارەت بە ئابووریی جیهان بە ناونیشانی "بەکارهێنەرەکان نەوەک بەرهەمهێنەرەکان" بڵاوکردەوە.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، "ساڵی 2024 سامانی ملیاردێرەکانی جیهان، 1.94 تریلیۆن دۆلار زیادی کرد، ئەمەش سێ ئەوەندەی پێرار بوو."
 
فیدراسیۆنەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات، 1%ی دانیشتووانی جیهان 45%ی سامانی زەوییان هەیە، بەڵام 44%یان رۆژانەی هەریەکەیان 6.85 دۆلارە لە کاتێکدا لە ساڵی 1990ـەوە رێژەی هەژاری لە بەرزبوونەوەدایە. 
 
دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر دەبن
 
ئۆکسفام لە راپۆرتەکەیدا پێشبینی دەکات لە دەیەی داهاتوودا تریلیۆنەر دروستبن، ئەمەش بە پشتبەستن بەوەی لە 10 ساڵی رابردوودا تێکڕا سامانی 10 دەوڵەمەندترین کەسی جیهان رۆژانە 100 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.
 
تەنیا پار لە جیهاندا 204 ملیاردێر دروستبوون و سامانی ملیاردێرەکانی جیهان دوو تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی زیادیکرد.
 
ئەمیتاب بەهار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فیدراسیۆنی ئۆکسفام دەڵێت، سیستمێکی ئابووریی وا لە جیهاندا دروستبووە کە "ملیاردێرەکان دەتوانن دەستیان لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، کە هاوکار دەبێت داهاتی زیاتر کۆبکەنەوە."
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە هەر 10 ژنێکی جیهان یەکێکیان لە هەژارییەکی سەختدا دەژی و داهاتی رۆژانەیان کەمترە لە 2.15 دۆلار.
 
راپۆرتەکە ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هێناوە و پلانەکانی ئەویان بۆ سیاسەتی وڵاتەکە بە هۆکارێک بۆ دەوڵەمەندبوونی دەوڵەمەندەکان و هەژاربوونی زیاتری هەژارەکان داناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.