نرخێکی مێژوویی؛ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 ملیۆنێک و 25 هەزار دینارە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 150 هەزار دینار گرانبووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 زانا وەرتی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی مسقاڵێک زێڕ 25 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەتەوە.
 
نرخەکان بە گوتەی ئەو زێڕنگەرە بەم شێوەیەن:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 878 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 25 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 74 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێک و 170 هەزار دینارە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژووی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرابێت.
 
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بۆ یەکەمجار مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە ملیۆنێک دینار.
 
زانا وەرتی دەڵێت، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر دوورگەی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 65 هەزار دینار بەرزبووەتەوە؛ لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە 147 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
گرانبوونی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی زێڕی لە بازاڕی نێوخۆ بەرزکردووەتەوە؛ ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 75 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتە 4840 دۆلار.
 
بەیانیی ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 4884 دۆلاری تۆمار کرد.
 
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، لە ئامانجەکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرینلاند "پاشەکشە ناکات" و رەتیکردەوە بژاردەی هێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوورگەیە دووربخاتەوە، هاوکات رەخنەی توندی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ گرت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساش لە وەڵامی ترەمپدا گوتی، ئەورووپا خۆی بەدەستەوە نادات بۆ تۆقاندن و رێگەش نادات بەهۆی گرینلاندەوە پێناسی گومرگیی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
ئەم گرژییانە مەترسیی ناسەقامگیریی سیاسی و بازرگانیی دروستکردووە و خواستی لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام زیادکردووە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 500 دۆلار گرانبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە