رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند: ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق رۆژانە نزیکەی 1.3 ملیۆن بەرمیلە و ئەو نەوتەی هەناردەی سووریا دەکرێت لەسەر پشکی بەرهەمهێنانیان هەژمار ناکرێت، بەوپێیەی بەرهەمی نەوتییە نەک نەوتى خاو.
بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ی شوبات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق 4.5 ملیۆن بەرمیل بووە، کە 3.5 ملیۆن بەرمیلی بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە هەناردە دەکرا.
ئەو سەرچاوەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و جگە لە عێراق، وڵاتانی دیکەی وەک سعودیە، ئیمارات و کوێت بەرهەمهێنانی نەوتیان بەهۆی جەنگەوە کەم کردووەتەوە.
5ی نیسانی 2026، ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی بڕی 206 هەزار بەرمیل نەوتی زیادکرد کە لە مانگی ئایاری داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت، پشکی عێراق لەو زیادکردنە 26 هەزار بەرمیلە.
هەناردەی نەوتی رەشی عێراق لە رێگەی سووریاوە لە 31ی ئادارەوە بە تەنکەر دەستی پێکرد، رۆژانە نزیکەی 700 تەنکەر لەو نەوتە لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە دەبرێتە بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.
سەرچاوەکەى رووداو گوتى: "ئەو نەوتەی لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەکرێ لەسەر پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەژمار ناکرێت، چونکە نەوتی رەشە و ئەوەش بەرهەمێکی نەوتییە و تاوەکو ئێستا نەوتی خاو هەناردەی سووریا نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ